هێمن هەورامی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا پێویستییەکی سیاسی و یاساییە

27-03-2023
پەیمان محەممەد
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، فراکسیۆنەکان بە تەنیا ناتوانن لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن و دەبێت لایەنە سیاسییەکانیش پێکەوە هاوکار و پشتیوانی فراکسیۆنەکان بن. دەشڵێت: "ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستییەکی سیاسی، حەیاتی و یاساییە." 
 
رۆژی دووشەممە 27-03-2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی "باش" لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کراوە.
 
زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، بەگوتەی هێمن هەورامی، لەسەر ئەوە کۆکن هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی بکرێت، سیستمی بایۆمەتریی عێراق بۆ تۆماری دەنگدەران بەکاربهێندرێت و پێکهاتەکانیش خۆیان بڕیار لەسەر شێوەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن بدەن. 
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن. 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوە بوو زەوینەسازیی سیاسیی و یاسایی بکرێت، بۆ ئەوەی لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت.
 
دوێنێ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و  رۆژی 18-11-2023ی بۆ هەڵبژاردن دیاری کرد. 
 
هێمن هەورامی پێیوایە لەو پڕۆسەیەدا، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن نیوەی رێگەکەیە و ''نیوەکەی دیکە دەکەوێتە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "هەڵبژاردن بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بابەتێکی هەستیاری سیاسی و پابەندبوونێکی یاساییە، بۆیە بە تەنیا فراکسیۆنەکان ناتوانن لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ بکەن و دەبێت لایەنە سیاسییەکانیش پێکەوە هاوکار و پشتیوانی فراکسیۆنەکان بن، بۆ ئەوەی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر هەبێت.''
 
لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن تارادەیەک رێککەوتوون، بەڵام پرسی کورسیی کۆتاکان، هێشتا یەکلانەبووەتەوە، کە خۆیان داوای یەک بازنەی هەڵبژاردن دەکەن و هەرچیی یەکێتییە دەڵێت دەبێت کورسیی کۆتاکان لە سلێمانیش هەبێت.
 
رۆژی دووشەممە 13-03-2023 نوێنەری پێکهاتەکانیش لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییان کرد بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. مەبەست لە کۆبوونەوەکەش زانینی رای پێکهاتەکان بوو لەسەر هەڵبژاردن.
 
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، کات لە بەرژەوەندیدا نییە و نابێت گفتوگۆ تەنیا لەپێناو گفتوگۆ و سەردانی شاند تەنیا لەپێناو سەردانکردنەوەی شانددا بێت. ''دەبێ هەموو لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی بە جۆرێک لە سازش بگەن.'' 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، کاتێک هەندێک لایەن پێشێلکاریی رێککەوتنەکان دەکەن، باشترین چارەسەر بۆ ئەم بابەتە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، ''بۆ ئەوەی شەرعیەت بدرێتەوە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.''
 
هێمن هەورامی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە "پێویستییەکی سیاسی، حەیاتی و یاسایی دەزانێت" و دەڵێت: ''ئامانج لە هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، نەهێشتنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە