دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: هەشت تیرۆریستی داعش لە سلێمانی دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی هەشت چەکداری داعشی راگەیاند و دەڵێت، رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون. 
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا "هەشت تیرۆریستی" داعشیان لە سلێمانی دەستگیرکردوون. 
 
ئەو چەند چەکدارەی داعش، بەگوتەی ئەو دەزگایە، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون و "بۆ خۆحەشاردان روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێ بوون." 
 
دەستگیرکراوەکان، وەک دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە "بنەچە عەرەبن" و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ دەزگای نیشتمانیی عێراق، دەزگای هەواڵگریی عێراق، دژەتیرۆری عێراق و یەکەی وەڵامدانەوەی خێرای عێراق کراون. 
 
ناوی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون بەمجۆرەیە: (ع. خ)، (ع. ن)، (م. م)، (ع. ف)، (ئـ، ف)، (ئـ، ن)، (ق، ئـ)، (ع، ئـ).