ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە ئاوەکانی یۆنان رزگارکران

27-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان 50 کۆچبەر، کە زۆربەیان کورد بوون رزگارکران، کۆچبەرەکان ویستوویانە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن. دەزگای لووتکە دەڵێت: "دوای ئەوەی ماتۆڕی بەلەمەکە لەکارکەوتووە و سەرنیشینانی داوای هاوکارییان کردووە، تیمێکی پۆلیسی کەناراواکانی یۆنان بەهانایانەوە چوون و سەرجەمیان رزگارکراون، بەڵام مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ تورکیا هەیە." 
 
رۆژی دووشەممە 27-3-2023، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە لە یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ یەکشەممە پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان، 50 سەرنشینی بەلەمێکیان رزگارکرد، کە لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو بۆ یۆنان بەمەبەستی گەیشتن بە ئیتاڵیا." 
 
بە گوتەی نوێنەرەکەی دەزگای لووتکە، بەهۆی لەکارکەوتنی ماتۆڕی بەلەمەکە سەرنشینانی بەلەمەکە داوای هاوکارییان کردبوو و بەلەمی رزگارکاری لامبرۆ هاڵماتیکی پۆلیسی کەناراوەکانی هێلینیک، کە لە دوورگەی کریت جێگیربوو بەلەمەکەیان بەرەو وشکانی و کەناراوەکانی باشووری دوورگەکە راکێشاوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بیانبەنە کەنارەکە. 
 
سەبارەت بە ناسنامەی کۆچبەرانی نێو بەلەمەکە، نوێنەری دەزگای لووتکە: "بەپێی زانیارییەکانی بەردەستمان سەرنشینانی نێو بەلەمەکە لە چەند نەتەوەیەکی جیاوازن، بەڵام زۆربەیان کوردن."
 
نوێنەری دەزگای لووتکە لەبارەی چارەنووسی بەلەمەکەوە گوتی: "بەلەمەکە لە دەریای رۆژهەڵاتی گوندی (کالۆی لیمێنێس) بەجێهێڵراوە، لە کاتێکدا کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیک لە دوورەوە چاودێری دەکات و هیچ کام لە سەرنشینانی ناو بەلەمەکە لەسەر وشکانی نەبراونەتە شوێنێکی سەلامەت، هەروەها خواردن و ئاو و چاودێری پزیشکیشیان وەرنەگرتووە."
 
سەبارەت بەهۆکاری جێهێشتنی ئەو کۆچبەرانە، حوسێن حەمەساڵح رایگەیاند: "تائێستا نەزانراوە بۆچی پاسەوانی کەناراوەکان نەیانبردوونەتە بەندەرەکە و هەر لە نێو بەلەمەکەن، لە دوورەوە چاودێری دەکرێن، سەرنشینانی کەشتییەکەش نیگەرانن لەوەی دووبارە بگەڕێنرێنەوە بۆ تورکیا." 
 
بەپێی دەزگای لووتکە لەساڵی 2022دا 71 هەزار و 225 عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، 71 کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە، حەوتیشیان بێسەروشوێن بوون.
 
هەروەها لەساڵی 2015ەوە تاوەکو ساڵی 2022، 313 هاووڵاتی عێراقی و هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان کە تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە لە رێگەی کۆچکردندا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی سنوورەکانی ئەوروپا و پاسەوانی کەناراوەکان کە بە فرۆنتێکس ناسراوە، 170 هەزار پەناخواز بە تێکڕا لە 2022دا بە سێ رێگەی جیاوازدا گەیشتوونەتە ئەوروپا. ئەو ژمارەیە بەراورد بە 2021، 30% زیادیکردووە.
 
لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ کۆتایی 2022، 22 هەزار و 606 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون و 620 هەزار و 771 کەسیش لە مردن رزگارکراون. میسر، تونس، بەنگلادیش، سووریا و جەزائیر پێنج لەو وڵاتانەن کە زۆرترین کۆچبەری نایاسایی لێیانەوە چووەتە ئەوروپا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.