فراکسیۆنی یەکێتی: دەبووایە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن بووایە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن رانەگیراوە، بەهۆی پشووەکانی نەورۆزەوە کۆنەبوونەتەوە، لەسەر هەموارەکە لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکاندا هەیە و تەنیا کورسیی کۆتاکان ناکۆکیی لەسەرە.
 
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "لە کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکاندا لێکتێگەیشتنی باش هەیە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا ئەو گرفتانەی دیکەش کە ماون، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رەتیکردەوە کۆبوونەوەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن راگیرابن و گوتی، "بەهۆی پشووەکانی نەورۆزەوە کۆبوونەوەکان نەکراون و لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە."
 
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ی وەکو کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریکرد، دەبێت لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێکبکەون بۆ ئەوەی بتوانرێت لە کاتی دیاریکراودا، هەڵبژاردنەکە بکرێت.
 
لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەوە زیاد جەبار گوتی، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رێکارێکی یاساییە و ئەرکی یاسایی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ئەو رۆژە دیاری بکات، بەڵام بە راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رۆژەکە دیاری بکرایە باشتر دەبوو."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە "باشتر دەبوو ئەگەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرایە و کۆمیسیۆن کارا بکرایەتەوە ئەوکات رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکرایە، بەڵام ئەمانە تەنیا تێبینین و ئەو تێبینیانە نابنە گرفت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن."
 
زیاد جەبار جەختی لەوە کردەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن کراوە، تەنیا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نییە، بەڵکو لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی دیکەشدایە و لەگەڵ ئەوانیش کۆبوونەتەوە، ئێستا تەنیا لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان ناکۆکی هەیە.