لە خورماتوو دوو شوان رووبەڕووی داعش دەبنەوە و پێشمەرگە فریایان دەکەوێت

27-03-2022
سۆران حوسێن
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی دوو شوان سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان دەبن، لەلایەن دوو چەکداری داعشەوە تەقەیان لێدەکرێت و دواتر هێزەکانی لیوای 144ی پێشمەرگە بەهانایانەوە دەچن و ناهێڵن بکەونە دەست چەکدارانی داعش.
 
رۆژی یەکشەممە 27-3-2022 جەمال وارانی، فەرماندەی لیوای 144ی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی دوێنێ دوو شوان لە نێوان گوندەکانی پەلکانەی سەیدان و پەلکانەی سالم و گوندی غەڕە، لەکاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان رووبەڕووی دوو چەکداری داعش بوونەتەوە".
 
وارانی دەڵێت، شوانەکان زیاتر لە سنووری خۆیان ئاژەڵەکانیان بردووەتە پێشەوە. دەشڵێت: "لەگەڵ چەکدارانی داعشدا رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و ماوەیەک تەقەکردن روویداوە، دواتر هێزەکانمان بەهانایانەوە چوون و رزگاریان کردوون".
 
فەرماندەی لیوای 144 پێشمەرگە باسی لەوەشکرد، شوانەکان بەوانیان گوتووە، 100 سەر ئاژەڵیان نادیارە و گوتی: "ئەمڕۆ هەوڵێک دەدەین بۆ سۆراخکردنیان".
 
جەمال وارانی ئاماژەی بەوەکرد، چەکدارانی داعش لە سنوورەکەیان کەمیان کردووە و دوو کەس و سێ کەس دەبیندرێت، گوتیشی: "دوای ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری گوندەکانی ناوچەکە، کە 8-12-2021 دەستیپێکرد و نزیکەی 25 رۆژی خایاند، داعش بەتەواویی لاوازکراون، چونکە شوێنی مانەوە و کۆگاکانیان هەمووی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لەنێوبران".
 
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بە درێژایی  زیاتر لە 500 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبووە، داعش چەندینجار لەو ناوچانە هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە، سوپا و حەشدی شەعبی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە