قایمقامی قەزای ئامێدی: فڕۆکەکانی تورکیا گەلی رەشاڤەیان لە سنووری دێرەلووک بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی تورکیا بە چڕی گەلی رەشاڤە لە سنووری ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی بۆردوومان دەکەن، دانیشتوویەکی ناحیەی دێرەلووک دەڵێت، دەنگی بۆردوومان ترس و دڵەڕاوکێی بۆ خەڵک دروستکردووە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "گەلی رەشاڤە بۆردوومانکراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ترسی بۆ خەڵک دروستکردووە".
مەلا بێوار رەشاڤەیی، دانیشتووی ناحیەی دێرەلووک بە رووداوی گوت، دەوروبەری کاژیر 10:40 خولەکی ئەمشەو فڕۆکەکانی تورکیا سێ جار لەسەر یەک گەلی رەشاڤەیان بۆردوومان کردووە، کە کەمتر لە یەک کیلۆمەتر دوورە لە سەنتەری ناحیەی دێرەلووک.
لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا شەشەمین جارە تورکیا ناوچەکانی سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومان دەکات.