لە بەرواری باڵا ورچ هێرش دەکاتە سەر حەوت ماڵ


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-3-2022، موختاری گوندی ئورە لە دەڤەری بەرواری باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ورچ هێرشی کردووەتە سەر ماڵی چەند هاونیشتمانییەک لە گوندەکە و کەلوپەل و بەشێک لە باخەکانیانی تێکداوە. 
 
ئەحمەد ئورەیی، موختاری گوندی ئورە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 20-12-2021ـەوە و بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە ئەو هاونیشتمانییانە ماڵەکانی خۆیان چۆڵکردبوو. 
 
ئەمڕۆ دوای ئەوەی حەوت سەرۆک خێزان دەگەڕێنەوە گوندەکە بۆ ئەوەی سەر لە باخ و کەلوپەلەکانیان بدەن، دەبینن دەرگە و پەنجەرەی ماڵەکانیان شکاوە، شوێنەکە شێواوە و مێشەهەنگەکانیشیان بەشێکی زۆری لەنێوچووە. 
 
وەکو موختاری ئەو گوندە بە رووداوی گوت، جێگە پێی ورچ لەنێو باخەکان و بەشێک لە شوێنەکانی دیکە دەرکەوتووە. 
 
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە سێ مانگە ماڵەکانیان جێهێشتووە، ئەو کەسانە بە دیاریکراوی نازانن کەی بووە ورچ هێرشی کردووەتە سەر ماڵەکانیان.