بەرەڤان حەمدی: لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کۆچۆ رووفاتی نزیکەی 30 کەس دۆزراونەتەوە

27-03-2019
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن کۆچۆ کوردانی ئێزدی
A+ A-

رووداو-کۆچۆ

پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆچۆ وەستاوە و بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "دوای هەڵسەنگاندن بۆ رووفاتی گۆڕی یەکەم، دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەکانی دیکە دەکەین."


بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەیەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کۆچۆدا رووفاتی نزیکەی 30 کەس دەرهێندراون و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون. ئەو رووفاتانە لەگەڵ ئەنجامی پشکنینی خوێنی 2 هەزار و 601 کەس کە لەدەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە دهۆک دراونەتە پزیشکی دادی بەغدا بەراورد دەکرێن. دوای هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕی یەکەم، دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەکانی دیکەش دەکەین."

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: "هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆچۆ بەبۆنەی نەورۆز و لەسەر داواکاریی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان وەستاوە. تیمێکی نیشتیمانیمان لە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و رێکخراوی یونیتاتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە قوربانیانی شەڕی داعش پێکهێناوە."

لە رۆژانی 15 تاوەکو 19-3-2019 بەهاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و رێکخراوی یونیتات، یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدرایەوە و رووفاتەکان دەرهێنران و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کران.

كۆچۆ یەكێكە لە گوندەكانی سنووری شنگال و 23 کم لە باشووری رۆژئاوای شارەکەوە دوورە. لە 3-8-2014دا و لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر باشووری کوردستان، گوندی كۆچۆ لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرا و دواتر چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە تووندئاژۆیە کۆمەڵکوژییان لە گوندەکە ئەنجامدا. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە