كورد لە سەردەمی پرۆتێكشینیزمدا؛ گەڕان بۆ هاوبەشی ئابووری نەك سیاسی

رووداو - شرۆڤەی سیاسی

لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، هێشتا جیهان لە شۆكدایە و لێكترازانی نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە چەند دەیەی رابردوودا بێ وێنە بووە. هەرچەندە هێشتا دەنگە لیبراڵ دیموكراتەكان ماون، بەڵام سیاسییە پرۆتێكشنیستەكان، رێبەرایەتی وڵاتە گەورەكانی جیهان دەكەن. لەم سەردەمەشدا وڵاتە لاوازەكان دەبنە قوربانی و ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانی وەك كوردیش دووجار قوربانی. كورد لە بێئومێدیدایە پاش ئەوەی لە سەردەمی جیهانی لیبراڵدا لە بری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەنگی دژی تیرۆر كرد، بەڵام لە جیهانێكی تەواو جیاوازدا چاوەڕوانی ئەنجامی خەباتەكەیەتی لە جیهان. كورد پێویستی بە جارێكی دیكە بیركردنەوەیە لەوەی ئایا پێویستی بە هاوبەشی ئابوورییە یان سیاسی.

پرۆتێكشینیزم: هەركەس بۆخۆی     

هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو


 

سیاسەتی پرۆتێكشنیست بەو سیاسەتی حكومەتانە دەگوترێ كە جەختیان لەسەر ئابووریی ناوخۆییە و گوێنادەنە هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی و ئابووری. لەئەنجامیشدا كاریگەریی راستەوخۆ دەكاتە سەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لاوازبوونیان.

 


ترەمپ دەڵێ: "یەكەمجار ئەمریكا"، ئەم كارەی ترەمپ بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانە هەرە گرنگەكانی ئەو وڵاتە. ئێستا ئەمریكا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كێشەی هەیە، لەگەڵ چین زۆر زیاترە لە جاران. ئەم سیاسەتە پرۆتێكشنیستەی ترەمپ كاریگەریشی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دروستكردووە.  وەك جاران ئەمریكا سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بەها جیهانییەكان بنیات نەناوە و دەستوەرناداتە مەلەفی دیموكراسی و مافی مرۆڤی وڵاتانی دیكە. بۆ نموونە، ئێستا مامەڵەی واشنتن لەگەڵ سعودیە لەسەر ئەوە نییە تا چەند سعودیە دەتوانێ مافی مرۆڤ بپارێزێ یان چالاكڤانەكانی نێو زیندانەكانی ئازاد بكات، بەڵكو دۆستایەتیان لەسەر ئەوەیە تا چەندە سعودیە دەتوانێ ملیاران دۆلار هەڵبڕێژێ‌ بۆ خزمەتكردنی سیاسەتە پرۆتێكشنیستەكانی ئەمریكای ترەمپ. ئێستا بۆ ئەمریكا هیچ گرنگ نییە لە ئەنكەرە، ریاز، قاهیرە چەند رێز لە دیموكراسی دەگیرێ، ئەوە گرنگە تا چەند ئەو وڵاتانە ئامادەن كار لە نێو ئەمریكا دروست بكەن بۆ ئەمریكییەكان، ئەگەر لەسەر حیسابی هاووڵاتیانی خۆشیان بێ.

بەریتانیاش بە چوونە دەرەوەی لە یەكێتیی ئەوروپا و قۆناغی دوای (برێكزیت)، بێ گوێدانە بەرژەوەندییەكانی ئەوروپا، كارەكانی خۆی رێكدەخاتەوە و چی گرنگ بێت بۆ ئابووریی وڵاتەكەی دەیكات و دەیەوێ هەرچۆنێك بێ بەبێ زیانی زۆر لە یەكێتیی ئەوروپا دەربچێ. بۆ ئەمەش بەریتانیا بەریتانیاكەی جاران نییە كە لە خەمی كاری نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤدا بێت، ئێستا باشترین پەیوەندی هەیە لەگەڵ سعودیە و توركیا. هەردووكیان وەك دوو پێگەی ئابووریی گرنگ بۆ خۆی تەماشا دەكات. هەر وەكو ئەمریكای ترەمپ، بەریتانیای تێرێزا مەی بەرەو پرۆتێكشنیزم دەڕوات.
ئەم دووركەوتنەوەیەی ئەمریكا و بەریتانیا بووەتە هۆی لاوازیی نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و گشت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەش. چونكە هیچكات سیاسەتی پرۆتێكشنیست هاوكاریی دروستبوونی هاوكاریی نێودەوڵەتی و بازرگانی و مرۆیی ناكات.

لەناو یەكێتیی ئەوروپاشدا بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك جاران هاوكارییەكانی نێوان لیبڕاڵ دیموكراتەكان نەماوە. هەركەس زیاتر لە خەمی خۆیەتی. ئەڵمانیا لەگەڵ زۆر لە وڵاتان لەسەر كۆچبەران ناكۆكە، فەرەنسا وەك جاران پاسیڤ نییە و دوای هاتنی ئیمانوێڵ ماكرۆن دەیەوێ لە دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپاش سەنگی خۆی هەبێ و رازیش نییە بەم پێكهاتە تەقلیدیەی ئێستای یەكێتیی ئەوروپا.

ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیتاڵیا و نەمساش دەریخست كە خەڵكەكەی زۆر رازی نین لە دۆخی یەكێتیی ئەوروپا و بەرهەمەكانی لیبڕاڵ دیموكراتەكان و دژە پرۆتێكشنیستەكان. ئەم لێكترازان و دابەشبوونەی جیهان و لاوازبوونی لیبراڵ دیموكراسی جارێكی دیكە بووەتە هۆی دروستبوونەوەی "حكومەتی بەهێز" لە وڵاتەكان.

راپۆرتی ساڵانەی كۆڕبەندی داڤۆس كە ساڵانە لەلایەن هەزار پسپۆڕ و توێژەرەوە ئامادە دەكرێ، بۆ ساڵی 2018 باسی كۆمەڵێك ریسك دەكا لە ئەنجامی ئەم جیهانە لێكترازاوە. راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە ‌جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات و جەمسەرە تەقلیدییەكان نامێنن.

دامەزراندنی حكومەتی بەهێز لەلایەن دەوڵەتانەوە یەكێكە لە خەسڵەتەكانی ئەم سەردەمە جا هەندێك لە رێگەی دیموكراسییەوە و هەندێكیش بە رێوشوێنی نادیموكراسیانە. دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریكا دەیەوێ هەموو شتەكان لە كۆشكی سپی بێت و لە كۆشكی سپیش لای خۆی بێت. لە دوای لەكارلادانی تیلەرسن، ترەمپ گوتی كە ئەو دەیەوێ كابینەیەكی هەبێ لەگەڵ خۆی بگونجێ و رای جیاوازی تێدا نەبێ.

لە چینی ركابەری ئەمریكاش، ژی شینگ بین خۆی وەك سەرۆكی هەتاهەتایی ناساندووە، چینییەكان باوەڕیان وایە لەم سەردەمی ركابەرییەدا ناكرێ خەریكی سەرۆك گۆڕین و لاوازكردنی حكومەتەكەیان بن. لەولاشەوە فلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا بە هەڵبژاردنێكی گوماناوی 75%ی دەنگەكانی هێنایەوە و سەلماندیەوە كە خۆی قەیسەرە. لە توركیاش رەجەب تەیب ئەردۆغان هەموو رۆژ دەیەوێ بیسەلمێنێ كە یەك كەس بڕیاردەرە و حكومەت دەبێ هەموو شتێك بێ لە توركیا. لە هیندستان و فەرەنساش حكومەتەكان ئەمجارە لەهەموو كات دەسەڵاتدارترن. 

 
لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان یەپەگە كەوتە گێژاوێكەوە كە هەڵدانی ئاڵای ئەمریكا و رووسیا و تەنانەت وێنەی ئەسەدیش فریای نەكەوت


كۆنسێپتی حكومەتی بەهێز و سیاسەتی پرۆتێكشنیزم بەپێی داڤۆس دەبێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر لە 2018 دا بەمشێوەیە:

یەكەم: ئەگەر هەر حكومەتێك لەبیری گەورەكردنی هێزی خۆیدا بێ، ئەوا وردە وردە كاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەسەرووی هەمووشیانەوە نەتەوە یەكگرتووەكان بەرەو لاوازبوون دەڕوات و ئیفلیج دەبێ. هەروەها وەك بینیمان بەریتانیاش چۆن یەكێتیی ئەوروپای لاواز كرد كە لەندەن باوەڕی وایە خۆی شتە و پێویستی بە كەس نییە.

دووەم: حكومەتە بەهێزەكان دەبنە هۆی ئەوەی ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانی وەك كورد ببنە قوربانیی زیاتر.

سێیەم: ئەم جۆرە لە حوكمڕانی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە بەوە نەوەستن كە تەنیا خۆیان بەهێز بكەن، بەڵكو دەست وەردەدەنە كاروباری وڵاتانی دیكە و دەیانەوێ لەوێش گرووپی خۆیان هەبێ،‌ بۆ ئەمەش لوبنان و لیبیا و سووریا نموونەن.

چوارەم: حكومەتی بەهێز بەوە ناوەستێ كە‌ ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان قووت دەدەن، بەڵكو وڵاتە بچووكەكانیش دەخەنە مەترسییەوە و ناهێڵن بە سەربەخۆیی جموجۆڵ بكەن. قەتەر وڵاتێكی بەهێز و دەوڵەمەندە،‌ بەڵام چونكە بچووكە ئێستا بووەتە ئامانجی حكومەتە بەهێزەكانی دراوسێی و پاشكۆی وڵاتە بەهێزەكانی دیكە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمساڵ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باس لە كۆمەڵێك ریسك دەكات كە لە ئەنجامی لاوازبوونی هاوكاریی نێودەوڵەتی دروست دەبێ كە ئەمانەن:

یەكەم: لە بەرامبەر ئەو بۆشاییەی ئەمریكای ترەمپ لە جیهاندا دروستی كردووە، چین بە ستراتیژییەكی گەورەوە هاتووەتە بازاڕی جیهانەوە و لە 2018 دا جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا دەبەنە ئاستێكی گەورەتر لە هەموو كات. جگە لە جەنگی بازرگانی، جەنگی كۆنتڕۆڵكردنی جیهانی تەكنۆلۆژیا لە نێوان ئەمریكا و چین فراوانتر دەبێت.

دووەم: گرژییە جیۆپۆلیتیكییەكان بەردەوام دەبن بە تایبەتی لەگەڵ كۆریای باكوور و هەروەها ناسەقامگیریەكان لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن، بە جۆرێك دەبنە هۆی دووركەوتنەوەی زیاتری ئەكتەرە نێودەوڵەتییەكان.

سێیەم: كەوتنی رێككەوتنە گەورەكانی وەك نافتا و دروستكردنی قەیرانی ئابووریی گەورە بۆ وڵاتانی بەشدار بەتایبەتی مەكسیك.

 
نوخبەی سیاسیی كورد دەبێ زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و لە كەشوهەوای پۆپۆلیزم و عینادی بێنە دەرەوە


چوارەم: گوشارەكان بۆ سەر ئێران زیاد دەكات و پاشەكشێی پێدەكرێ لە عێراق و لوبنان و سووریا.
پێنجەم: لە ساڵی 2018 دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەكان لە جیهاندا زیاتر لاواز دەبن و پرسیار لە شەرعیەتیان دەكرێ. ئەمەش وا دەكات زۆر پێشبینی بۆ گۆڕانكارییە ئابووری و سیاسییەكان راست دەرنەچن.

شەشەم: مەترسی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم بەهۆی ئیسلامییەكانەوە لە ئەندەنووسیا و مالیزیا دەبێتە هۆی گرژی و هەروەها ناسیۆنالیزم لە هیندستان.

حەوتەم: تیرۆری گرووپەكانی وەكو قاعیدە كە هێشتا لە ئەفریقا بەهێزە، دەبێتە مایەی مەترسیی زیاتر بەتایبەتی كە جیهان لێكترازاوە.

كورد لە جیهانی پرۆتێكشنیستدا

لە جیهانێكی وا لێكترازاودا ، دەوڵەتە لاوازە بچووكەكان، ناتوانن بەرژەوەندییەكانی خۆیان بپارێزن. هەروەها بەتەنیا ناتوانن خۆیان لە ماسییە گەورەكان رزگار بكەن، بۆیە بۆ كورد وەك ئەكتەرێكی نادەوڵەتی ئەوە ئێجگار قورسە و دەبێت لەم قۆناغە تێبگات پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێك بنێ.

بەشێكی قوربانیی كورد بەتایبەتی لە رۆژئاوا و باشوور دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەبری جیهانێكی لیبراڵ دیموكراسی شەڕی داعشی كرد، بەڵام چنینەوەی بەرەكەی كەوتە جیهانێكی پرۆتێكشنیست، بۆیە دووجار بووە قوربانی. هەموو كەس ئەوەی لە بیرە كە باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا چۆن لەبەر خاتری پاراستنی هەولێر هێزی جوڵاند و كوردی پاراست و عێراقیش پێوەی پارێزرا. ئۆباما سەرۆكی جیهانێكی لیبراڵ دیموكراتی بوو كە باوەڕی وا بوو ئەوە ئەركی ئەمریكایە وەك زلهێزێك كەمینەكان بپارێزێ و هەتا دەتوانێ بێدەنگ نەبێ لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ. بەڵام كورد لەسەردەمی ترەمپی پرۆتێكشنیستدا بێ ئومێدە لەوەی بەرهەمی خەباتەكەی وەربگرێ.

ئەوەی كورد لە ئەنجامی دەیان ساڵ خەبات بەدەستیهێنابوو، لە ماوەیەكی كورتدا لەدەستچوو. ئەگەر هێشتا جیهانی لیبڕاڵ دیموكراتی بمایە رەنگە زۆر كەمتر لە ئێستا كورد ببووایەتە قوربانی. لانیكەم ئیدارەی ئۆباما بمایە، رەنگە نەیانهێشتبایە كورد لە باشووری كوردستان ناچار بێ بەرەو گشتپرسی بچێ.

نەخوێندنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كوردی لە باشووری كوردستان خستە مەترسییەكی گەورەوە. مامەڵەی ئەمنیی جیهان لەگەڵ كورد بۆ شەڕی داعش سەركردەكانی باشووری تووشی غروورێكی سیاسی كرد و ویستیان خێرا بیكەنە دەستكەوتێكی سیاسی بۆ خۆیان. ئەم غروورە بەشێوەیەك بوو كە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەیانگوت ئەمریكا بۆی نییە دەست وەربداتە كاروباری كوردستان. دەسەڵاتدارانی باشوور بەشێوەیەك هاوكێشە هەرێمییەكانیان لێ تێكچووبوو كە باوەڕیان وابوو عێراق كۆتایی هاتووە، توركیا و ئێرانیش لە بەرامبەر كیانێكی كوردیدا هیچیان پێناكرێ. ئەگەر قسەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا راستبێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ راوێژێكی بە توركیا نەكردووە لەبارەی گشتپرسی، ئەوا كارەساتە. لە كاتێكدا هەولێر گشت هێلكەكانی خۆی خستبووە ناو سەبەتەی ئەنكەرەوە.

 
نەخوێندنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كوردی لە باشووری كوردستان خستە مەترسییەكی گەورەوە


لە رۆژئاوای كوردستانیش هێزە كوردییەكانی سەر بە پەكەكە سەرەتا گەمەیەكی سیاسیی باشیان كرد بە نزیكبوونەوەیان لە ئەمریكا و كوردیان جارێكی دیكە كردەوە بە ئەكتەرێكی گرنگ لە سووریا، بەڵام لەوێش غرووری سیاسی و نەخوێندنەوەی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان كارەساتی عەفرین و شكاندنی شكۆی كوردی لێكەوتەوە. ئەمریكا زۆر هەوڵی دا كە یەپەگە خۆی بە دوور بگرێ لە پەكەكە، ئەگەر بە رواڵەتیش بێت، بەڵام نەك بە گوێیان نەكرا، بەڵكو هەندێك جار بە غروورەوە بەرپرسانی یەپەگە بە ئەمریكییەكانیان دەگوت ئەگەر رازی نین ئەوا دەچنە پاڵ رووسیا. بە ئیستیفزازكردنی توركیا و رووسیا و نەبینینی خۆیان وەك ئەكتەرێكی نانێودەوڵەتی، كورد لە سووریاش بووە قوربانیی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و جیهان بە وشەی ئیدانەش بەرگری لە كەوتنی یەپەگە لە عەفرین نەكرد كە بە حیساب هاوپەیمانی سەرەكیی شەڕی داعش بوو. لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان یەپەگە كەوتە گێژاوێكەوە كە هەڵدانی ئاڵای ئەمریكا و رووسیا و تەنانەت وێنەی ئەسەدیش فریای نەكەوت.

لە باكووری كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووی بێ وێنە بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەكانی 2015دا دەركەوت. بەدەستهێنانی 80 كورسی و بەدەستهێنانی دەنگ لەسەرتاسەری توركیا، سەركەوتنێكی مێژوویی بوو بۆ كوردی باكوور. هیچ كەس پێشبینی ئەوەی نەكردبوو كە لە توركیای نوێدا، تورك دەنگ دەدات بە گەنجێكی كورد بۆ سەرۆكایەتی وڵاتەكەی. ئەم مۆدێلەی دەمیرتاش پێویستی بە دەیان لێكۆڵینەوە هەیە، بەڵام نەهێڵرا ئەم مۆدێلە بەردەوام بێ. حكومەتی توركیا چەند بەرپرسە لەوە، غرووری پەكەكەش هێندە بەرپرسە. پەكەكە لە كاتێكدا كە دەمیرتاش توركیای هەژاندبوو، هێرشەكانی لە باكووری كوردستان زیاتر كردبوو، بەجۆرێك كە خەڵكە توركەكەی لە دەمیرتاش تۆراند. ئەوەبوو لە هەڵبژاردنی دووەمدا لە ساڵی 2015 هەدەپە دەنگێكی زۆری لەدەستچوو.

رۆژهەڵاتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی، رەنگە لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بن كە ئەمریكا گورزێك لە ئێران بوەشێنێت، بەتایبەتی دوای هاتنی تیمی نوێی ئاسایشی نیشتیمانی و گۆڕینی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا. چاوەڕوان دەكرێ ئەمریكا ئەگەر بە راستەوخۆش نەبێ، ئەوا لە شەش مانگی داهاتوودا گورزێك لە ئێران بدات، بەتایبەتی لە پرۆكسییەكانی لە عێراق و سووریا و لوبنان. ئەوەی بگوترێ ئەوەیە كە دەبێ لایەنەكانی رۆژهەڵات تەنیا تەماشای بەشەكانی دیكە بكەن و وانە وەربگرن و هەڵەكان دووبارە نەكەنەوە.

 
لەبری خەونە سیاسییەكان، باشترە كورد لەم قۆناغەدا هاوبەشە ئابوورییەكانی لەگەڵ ئەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بدۆزێتەوە



كورد دەبێ چی بكات؟

یەكەم: لەم سەردەمە نوێیەدا و بە تێگەیشتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، دەبێ كورد واز لە خەیاڵی شەڕكردن لەگەڵ دەوڵەتەكان بهێنێ، جا ئەگەر ئەنكەرە یان بەغدا یان تاران بێ. تازە دەركەوت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گۆڕینی سنوورەكان قبوڵ ناكات و دەوڵەتێكی نوێ لەم كاتەدا مەحاڵە، بەتایبەتی ئەگەر لەڕێگەی خەباتی چەكدارییەوە بێت. كورد پێویستی بە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانە لەگەڵ ئەو پایتەختانە، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە. هەموومان بینیمان ئەو چەند ساڵەی هەولێر پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە زیاتر ئابووری بوون و خاڵی هاوبەشی دۆزیبووەوە، كوردستان چ ئاوەدانییەكی بەخۆیەوە بینی و باسی ئەوە دەكرا چۆن ببێت بە دوبەی. بەڵام كاتێك هاوبەشییەكانمان كردە سیاسی و ناسیۆنالیستی، ئەوەمان بەسەرهات كە لە نیمچە دەوڵەتێكەوە، هەرێمی كوردستان بووە هەرێمێكی لاواز بەدەست بەغداوە.

دووەم: مامەڵەكردن لەگەڵ دەستكەوتەكان بۆ پاراستنیان نەك فراوانكردنیان لەسەر حیسابی كەسانی دیكە. بۆ كیانی كوردی ئەوە گرنگ بوو كە دەستكەوتەكان بپارێزین نەك هەلپەرستانە مامەڵە بكرێ. كورد لە باشوور لە بری گشتپرسی لە كەركووك، دەبوو بیری لەوە بكردایەتەوە كە چۆن نموونەیەكی جوانی ئیدارەكردن لەو شارە پێشكەشی پێكهاتەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكردایە. لە رۆژئاوا كورد دەبوو لە بری سووتاندنی ماڵی كادیرانی حیزبە كوردییەكانی دیكە، بیری لەوە بكردایەتەوە كە چۆن بتوانێ كانتۆنەكان لە رووخان بپاریزێ و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر كەس و لەبری قەندیل شەڕ بكات. لە باكوور دەبوو دەمیرتاش لەناو حكومەتدا بووایە و بەشداریی كابینەیان بكردایە، نەك شار بەشار بگەڕێن بۆ لێدانی خەندەق و گوایە خۆسەری دیموكراتی چێ دەكەن.

سێیەم: كورد لەگەڵ كارەساتەكان هەمیشە ئەژنۆی دەشكێ و دەستدەكات بە تۆمەت بەخشینەوە و كەمترین وانەی لێ وەرناگرێ، یان بەرپرسیارێتی هەڵناگرێ. زۆربەی كات لە ژێر پاساوی خیانەت و تورك و فارس دژی كوردن هەڵەكانی خۆی لەبیر دەكات. كورد دەبێ لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوە، هەموو هەوڵی بۆ پاراستنی ئەو كیانە بێ كە ئێستا ماویەتی. كەركووك و عەفرین بەبەرچاوی هەموو كوردەوە رۆیشت. لە بری ئەوەی تا چەند ساڵێكی تر باس لەوە بكرێ كێ خیانەتی كرد و كێ نەیكرد، باشترە باس لەوە بكرێ چۆن هەولێر و سلێمانی و قامیشلو بپارێزرێن و هاونیشتیمانیان بە كەمترین زیان لەم گۆڕانكارییە هەرێمییانە دەربچن.

چوارەم: نوخبەی سیاسیی كورد دەبێ زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و لە كەشوهەوای پۆپۆلیزم و عینادی بێنە دەرەوە. دەستكەوتەكان لە هەمووان دەڕوات، نەك لایەنێكی دیاریكراو. لە عەفرین تەنیا وێنەی ئۆجەلان لانابرێ، بەڵكو پەیكەری كاوەی ئاسنگەر دەخرێتە ژێر پێ. لە كەركووك تەنیا وێنەی بارزانی و تاڵەبانی لانابرێ، بەڵكو ئاڵای كوردستان دەخرێتە ژێر پێ. دەبێ بەرپرسیارانە مامەڵە بكرێ. كاتێك توركیا هەڕەشە لە سلێمانی دەكات، بە پۆستی فەیسبووك و لایك و خۆگیڤكردنەوە ئەنكەرە ناوەستێنرێ. دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆن عاقڵانە مامەڵە بكەن و وانە وەربگرن كە ئیستیفزازكردنی دەوڵەتانی ناوچەكە لە زەرەری كورد، تەواو دەبێ.

لە كۆتاییدا كورد لە جیهانێكدایە كە سەركردە پرۆتێكشنیستەكان وڵاتە گەورەكان بەڕێوەدەبەن، بۆیە لە بری چاوەڕوانییە بێ ئەنجامەكان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبێ كورد بزانێ چییە و چی دەكات و چی پێدەكرێ. كورد دەبێ بزانێ كە ئەكتەرێكی نانێودەوڵەتییە و هەر هەنگاوێك بەبێ تێگەیشتن لە هاوكێشە هەرێمییەكان كارەساتی لێدەكەوێتەوە و لە بری خەونە سیاسییەكان، باشترە لەم قۆناغەدا هاوبەشە ئابوورییەكانی لەگەڵ ئەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بدۆزێتەوە. كورد ئەگەر بیەوێ دۆستەكانی لە جیهاندا بەردەوام بن، دەبێت بیر لەوە بكەنەوە كە دامەزراوەكانیان مەدەنیتر و دیموكراتیتر بكەن و ببنە عامیلی دیموكراسی و كرانەوە لە پایتەختی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، نەك هۆكاری ناسەقامگیریی سیاسی.