بەوێنە.. گەنجێک ئەمبوڵانسێکی دژە گوللە دروست دەکات
رووداو- دهۆک
گەنجێکی شاری دهۆک ئەمبوڵانسێکی دژە گوللە دروست دەکات و پێشکەشی بەڕێوەبەراتی تەندروستی دهۆکی دەکات. بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆکیش رایدەگەیێنێت هەموو پێداویستییەکانی ئەمبوڵانسەکە دابین دەکەن و دواتر رەوانەی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی دەكەن.
رۆژی 27-3-2016 گەنجێکی شاری دهۆک بەناوی "سەربەست تاھیر کەمەکی" دوایی تەواوکردنی ئەمبوڵانسێکی دژە گوللە ، ئەمبوڵانسەکەی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک كرد.
لەمەراسیمێکدا د. نزار عیسمەت تەییب، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک، دەستخۆشی لە گەنجەکە کرد و رایگەیاند "ئەوان هەموو پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێلەکە دابیندەکەن و دواتر رادەستی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن".
د. نزار عیسمەت ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆتۆمبێلەکە جیاوازە لە ئەمبوڵانسەکانی دیکەی تەندروستی، چونکە لە ئاسنێکی پۆڵایین دروستکراوە کە دژە گوللەیە، لەبەرئەوە دەتوانێت لە بەرەکانی پێشوەی جەنگ چارەسەری بریندارەکانی پێشمەرگە بکات و خزمەت بەبەرەکانی شەڕ بکات.
سەربەست تاھیر سەبارەت بە دروستکردنی ئەمبوڵانسەکە دەڵێت "بۆ زیاتر خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ بیرم لە دروستکردنی ئەمبوڵانسێكی دژە گوللە کردووە و بەباشترین پلێت و ئاسن دروستکراوە و لە کاتی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەش لەدوری 10 مەتری گوللە هیچ زیانێک بە ئۆتۆمێلەکە ناگەیێنێت".