لەدوای بانگەوازەکەی دەم پارتی لە وان خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا

27-02-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەخەکرا. 

بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای وان بڵاوکراوەتەوە، لە 26ـی شوباتی 2025ـەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ لە سنووری پارێزگای وان خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان و سه‌كۆدانان لە سنووری پارێزگاکەدا لە 26ـی شوبات تا 12 ـی ئادار قەدەخەیە. 
 
پارێزگای وان هۆکاری قەدەخەکردنەکەی بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریی لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕاندووەتەوە. 
 
بڕیارەکەی پارێزگای وان لە کاتێکدایە بریارە شاندی دەم پارتی ئیمراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی شوبات بەمەبەستی ئەنجامدانی سێیەمین دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچنە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی و هەر ئەمڕۆ پەیامی ئۆجەلان بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت.
 
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاژێر 16:00 رابگەیێندرێت، لە شارەکانی ئامەد و وان ـی باکووری کورستان شاشەی گەورە دانراوە و داوا لەخەڵک کراوە لەو کاژێرەدا لە گۆڕەپان بن بۆ گوێگرتن لە پەیامەکەی ئۆجەلان، کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا بانگەوازی چەکدانان بکات. 
 
شاندەکەی دەم پارتی ئیمراڵی کە ئەمجارەیان لە حەوت کەس پێکهاتووە، بڕیارە دوای گەڕانەوەی لە دوورگەی ئیمراڵی، لە کاژێر 17:00 لە شاری ئیستەنبووڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازبدات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە