کاردانەوەی دوای پەیامەکەی ئۆجەلان؛ 'دەنگی کورد زۆر لە چەکی پەکەکە کاریگەرترە'

27-02-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەیام و بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد و دەستپێشخەریکردنی لە رێگەی پێشکێشکردنی داوای دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، مژاری سەرەکیی بەرنامەیەکی تایبەتی رووداو بوو. تێیدا پێشکێشکارانی رووداو گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و بەرپرسانی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کورد و تورکیا کرد. 
 
عەبدولڕەحمان کورت، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، لە سەرەتای قسەکانیدا هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەرز نرخاند و رایگەیاند، لە سەرەتای پرۆسەکەوە پشتیوانی خۆی راگەیاندبوو، بە ئەرێنی نزیک بوویەوە و جەختی لەوە کردبوو کە هەموو کارێک دەکەن بۆ راگرتنی خوێنڕشتن. هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆیشی بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد بە رێگەچارەی دیموکراسی راگەیاند. بەهەمان شێوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان رۆڵی خۆیان گێڕا لە رێگەی پشتیوانیکردنیان بۆ پرۆسەکە و سەرخستنی. 
 
لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان، رایگەیاند، رۆژێکی مێژوویی بوو، ئۆجەلان زیاتر لە 40 ساڵە لە پرۆسەیەکدا بوو، هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبوو، جگە لە دژایەتیکردنی دەوڵەت و دروستکردنی کەشێکی دوژمنکارانە کە بووە هۆی ئەوەی دەوڵەت دەست بۆ سیاسەتی ئەمنی و سەربازیی ببات و بووە هۆی ئەوەی لە ئەنجامی سیاسەتی ئەمنی و سەربازیی دەوڵەت تێنەگەیشتن لە کورد دروست بێت. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ئەم بۆشاییە پڕ بکرێتەوە. بەمشێوەیە دەتوانین زۆر بە ئاسانی و زۆر بە راشکاوانە باس لە پرسی کورد بکەین. 
 
راشیگەیاند، دەنگی کورد لە سندووقەکانی هەڵبژاردندا زۆر کاریگەرترە لە چەکی پەکەکە. کاتی هاتووە کورد لەژێر سێبەری چەک بێتە دەرەوە و داوا رەواکانی لە رێگەی دیکەی بخاتەڕوو. دواتر دەکرێ بۆ هەموو بابەتێک کە کورد پێی باشە و پێویستی پێیەتی لە پلاتفۆرمی دیکەدا ئاماژەی پێبدات و قسەی لەبارەیەوە بکات. هەروەها داواکارییە رەواکان لە چوارچێوەی سیاسەتی سڤیل زۆر کاریگەرتر و بەرهەمدارتر دەبێت. 
 
باسی لەوەشکرد تورکیا دەوڵەتێکی زۆر بەهێزە، تواناکانی گەیشتە ئەو ئاستەی رووسیا و ئەمریکا لە ئیستەنبووڵ کۆبکاتەوە، تاکە وڵات بوو دەستی بۆ کەیسی ئۆکراینا برد و تاکلایەنە زۆربەی کێشە ئاڵۆزەکانی چارەسەر کرد. لە کیشوەری ئەفریقا لە سۆماڵی بگرە تا دەگاتە ئەسیوبیا بانگهێشت دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی زۆر پرسی ئاڵۆز. وڵاتێک کە هێندە بەهێز بووبێت، بەدڵنیاییەوە نەدەکرا لەپرسی ناوخۆییدا دەستپێشخەر نەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. هەروەها نەدەکرا دەستەوسان بێت بۆ ئەم بابەتە هەستیارە. ئیدی ئەم قۆناخە رووبەرێکی زۆر فراوانی ئازادانە و دیموکراسییانە دەکرێت هەموو بابەتە گرنگەکان بخرێنەڕوو و گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت. هەروەها ئەمڕۆ تەواوی پاساو و بیانووەکان کۆتاییان پێهاتووە. ئەمڕۆ دوای ئەم قۆناخە دەکرێت زۆر بە ئازادانە هەموو بابەتەکان بخرێنەڕوو. پێشتر بابەتی داواکردنی ماف و ئازادییەکان بەدی نەدەکرا چونکە یەکسەر بە پرسی تیرۆر گرێ دەدرا. ئێستا ئەم دەرفەتە بەردەستە و دەبێ بیقۆزینەوە. 
 
 
تەک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1991ـەوە داوای دانانی چەکی پەکەکەی کرد 
 
مەسعود تەک، سکرتێری پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، یەکێک بوو لە میوانەکانی رووماڵی تایبەتی رووداو. ئەو، پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان کرد بۆ دانانی چەک. 
 
مەسعود تەک رایگەیاند، هەرچەندە ئەم بابەتە رەنگە بۆ پەکەکە نوێ بێت، بەڵام بۆ پرسی کورد بابەتێکی نوێ نییە. بۆ نموونە ئەو پارتە کوردییانەی لە دەرەوەی بازنەی پەکەکە-دان زیاتر لە 25 ساڵە ئەم داوایەیان خستبووە روو و هەر لەم ماوەیەشدا بەردەوام دووپاتیان دەکردەوە. 
 
 
گوتی: "هەمیشە پێداگریمان لەوە دەکردەوە کە چەکی پەکەکە و خەباتی چەکداری زیان بە کورد دەگەیێنێت. هەر لەماوەی رابردووشدا کاتێک لە قۆناخی جیاوازدا پەکەکە ئاگربەستی رادەگەیاند، پاڵپشتی جەماوەری زیاتری بەدەست دەهێنا. تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی 1991ـەوە داوای کردبوو کە دۆزی گەلی کورد بە رێگەی دیموکراسییانە چارەسەر بکرێت نەوەک بەکارهێنانی چەک."
 
راشیگەیاند، هەموومان لەیادمانە لە 2013 کاتێک ئاگربەست راگەیێندرا، بەڕێز مەسعود بارزانی و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانییان کرد. هەروەها کاک مەسعود دەستپێشخەری دامەزراندنی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردی کرد و ئامادەیی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کەموکوڕییەکان. بەڵام بەداخەوە سەرباری هەموو ئەم بانگەواز و دەرفەتانەی هەبوون، پەکەکە گوێی پێنەدا، ئێستا پەکەکە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە دەست بۆ ئەم بابەتە ببات کە ئێمە دەیان ساڵە داوامان کردووە. هیوادارم بەراست لەوە تێگەیشتبن سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی پێهاتووە و دەست بۆ سیاسەتی مەدەنی و دیموکراسی ببەن. هیوادارم پەکەکە داواکاری ئۆجەلان جێبەجێ بکەن. 
 
ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت و لە کۆنگرە بڕیاری دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوە رادەگەیێنن. دەبێ پەکەکە لەوە تێبگات چەکەکەی دەستی زیان دەگەیێنێتە باکوور، هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەرفەت دەدات بە هێرشکردن بۆ سەر رۆژئاڤاش. 
 
سەرۆکی پارتی ماف و ئازادی کوردستان: پێویستە تورکیا لێبووردنی گشتیی بۆ گەریلاکان دەربکات 
 
دوزگون کاپڵان، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادی کوردستان، سەبارەت بەم بابەتە پشتیوانی خۆی و پارتەکەی لە دانانی چەکی پەکەکە راگەیاند. گوتی: "بۆ ئەوەی چیدی زیان بە کوردستان نەگات. پشتیوانی لە پەیامی ئۆجەلان دەکەم. پەیامەکەی ئۆجەلان هەنگاوێکی زۆر گرنگە و رێگەخۆش دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی میانڕەو بنێت."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی تورکیا، دوزگون کاپڵان، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادی کوردستان رایگەیاند، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر دروست بێت پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی ئاشکرا بنێت. بۆ نموونە لێبووردنی گشتیی بۆ گەریلاکان دەربکات و زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات. هەروەها پێویست بەوە دەکات ئێرانیش هاوکار بێت بۆ ئەوەی قەندیل دەستبەرداری چەک بێت. دوای دانانی چەک پێکەوەژیان بەهێز دەبێت و تورکیاش ناچار دەکات هەنگاو بۆ ئاشتی بنێت و رێکاری نوێ بگرێتەبەر. 
 
یاریدەدەری عەلی باباجان: داواکارییەکانی کورد بە هەمواری دەستوور و یاساکان جێبەجێ دەکرێت 
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دێڤا، باسی لەوە کرد بەشێکی پەیامەکەی ئۆجەلان ئاماژەی بە برایەتی کورد و تورک دا ئەمە پەیامێکی زۆر گرنگە. راشیگەیاند، ئایا پەکەکە چەک دادەنێت؟ ئاماژەی ئەرێنی هەیە چونکە لە 10 رۆژی رابردوودا پەکەکە چەند لێدوان و پەیامی نوێی لەمبارەیەوە هەبوو. قسەکانی بەسێ هۆزات کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە سەلمێنەری ئەوە بوو کە پەکەکە پابەندی پەیامی ئۆجەلان دەبێت. 
 
راشیگەیاند، هەرچەندە روون نییە پەکەکە پابەند دەبێت یان نا، چونکە پەکەکە لە 1993ـەوە چەندین جار خوێندنەوەی جیاواز و شیکردنەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان و هەنگاوی پێچەوانەیان بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان ناوە. بەڵام ئەمڕۆ رێنماییەکی روون و رەوان هەیە تاوەکو ئێستا نەیانگوتووە کە پابەندی رێنماییەکان نابن بڕیارە پابەندبوونی خۆیان رابگەیێنن. 
 
لە پرسی دانانی چەک، ئەکمەن باسی لەوەکرد، رەنگە هەنگاوی جیاواز بنێن، "چۆن چەک دابنێن؟ لە کوێ دایبنێن؟ رادەستی کێ بکرێت؟ چارەنووسی چەکدارەکان چی دەبێت؟ لێرەدا تاقیکردنەوەی متمانە دێتە ئاراوە. ئایا بەڕاست پەکەکە چەک دادەنێت؟ ئایا لەبەردەم رای گشتیی ئەم کارە دەکات؟ ئایا بۆ هەموو جیهان پیشانی دەدات کە ئەم کارەی کردووە. ئەمە ئەو هەنگاوانەیە کە پێویستە پەکەکە بینێت بۆ ئەوەی متمانە لای دەوڵەت دروست بکات. دەوڵەتیش چ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو چەکدارانە دەکات چەکیان داناوە؟ چ رێکارێکی یاسایی دەگرێتەبەر؟ چۆن ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی دووبارە لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵ بکرێنەوە و ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری خۆیان پێکبهێننەوە. ئەم هەنگاوانەش تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ دەوڵەت بۆ ئەوەی پەکەکە متمانەی پێبکات." 
 
لەبارەی چارەنووسی گەریلاکان، محەممە ئەمین ئەکمەن رایگەیاند، ئەمڕۆ گەریلایەک بە چەکەوە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت بکات و بڵێت، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بووم، چی بەسەر دێت؟ دەوڵەت یاسایەکی وەهای نییە پێی بڵێت فەرموو بگەڕێوە ماڵەکەت و نێو خێزانەکەت. پێویستە بۆ ئەم بابەتە هەمواری یاسایی بکرێت. لە یاسای سزای تورکیا هەندێک مادە هەن ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەم بابەتە، بەڵام یاساکە پێویستی بەهەموار هەیە بۆ ئەم بابەتە. لە 2014 دەوڵەت کەسانی یاسایی راسپارد بۆ نووسینەوەی راپۆرتێکی تایبەت لەبارەی لێبووردنی گشتیی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکرێت چۆن رێگەخۆش بکرێت گەریلاکان بگەڕێنەوە و خۆیان رادەست بکەن. لەوێ ژمارەیەک راسپاردە و پێشنیازی زۆر گرنگ هەبوون لە رووی یاساییشەوە زۆر گرنگ بوون، دەکرێ ئەمڕۆ هەمان راسپاردەکان و پێشنیازەکان بخرێنەڕوو. 
 
دوای قۆناخی دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دێڤا، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستە دەوڵەت لە رووی یاسا و دەستوورەوە هەمواری زۆر گرنگ بکەن. تا ئەمڕۆ هەنگاوەکان بەنیوەچڵی نرابوون یان نکۆڵییان لە کورد کردبوو، یان بە پەکەکە گرێیاندا یاخود بەژێردەستەیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد. بەڵام کەسێک نکۆڵی لە کورد بکات زۆر جیاوازە لەگەڵ کەسێک لە کورد تێبگات و هەوڵی چارەسەرکردنی بدات. بۆیە ناکرێ هیچ جۆرە پاساوێک بهێندرێتەوە لەبارەی پابەند نەبوون بە پرۆسەکە. 
 
هەروەها گوتی: "با شتێک بە راشکاوی بڵێین، ئەگەر ئەمشەو ئۆجەلان، ئەردۆغان و باخچەلی واژۆیان لەسەر رەشنووسێکی هاوبەش بکردایە و بڕیاری جۆراوجۆریان راگەیاندایە، هیچ بەهایەکی یاسایی و دەستووری نەدەبوو. چونکە ئەم بابەتە پێویستی بە داڕشتنی یاسایە لە پەرلەمان. بۆ هەمواری دەستوور پێویستمان بە لانیکەم 360 دەنگ و بۆ هەموارکردنەوەی یاساش پێویستمان بەلانیکەم 200 دەنگ دەبێت. کەواتە تەنیا رێککەوتنی سەرکردەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە پەرلەمانتارانیش پشتیوانی بکەن و ئەو کەسانەی دەنگیان دا بە پەرلەمانتارەکان پشتیوانیان بن. بەڵام بە کۆتاییهاتنی تیرۆر و مەترسییەکانی جوداخوازی، ئەم پرۆسەیە بە هەنگاوی زۆر پتەو بەرەوپێش دەچێت."
 
هەر لەمبارەیەوە راشیگەیاند، رەنگە کورد لە پرسی هەمواری دەستووردا سێ داواکاریی سەرەکییان هەبێت "بەهێزکردن و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە حکومەتە خۆجێییەکان، خوێندن بە زمانی دایک و پێناسەی هاونیشتمانیبوون."  
 
بۆ زمانی دایک رایگەیاند، مادەی 43 هەیە پێویستە ئەم مادەیە هەڵبگیرێت. سەرباری ئەو مادەیە دەوڵەت لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا رێگەیداوە بە خوێندن بە زمانی دایک. بۆ ئەمەش ئەردۆغان لانیکەم 12 جار و باخچەلیش لانیکەم شەش جار ئاماژەیان بە پەرلەمانی تورکیادا کە لەوێ ئەم کارە دەکرێ بەڵام پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە. پێموایە نابێ دەوڵەت هەموو پرسێکی کورد بە چەکی پەکەکەوە گرێ بدات، چونکە ئەمە مافی گەلێکە و پێویستە بەبێ پێشمەرج بخرێتەڕوو. 
 
.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.