رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە پەیامەکەی ئۆجەلان دەکات و پێیانوایە "پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستیی ئەم قۆناخەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
بافڵ تاڵەبانی لەوبارەیەوە دەڵێت، "پێشوازی لە پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەین، پێمانوایە پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستیی ئەم قۆناخەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان".
دەشڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم پەیامە بە سەرەتا و قۆناخێکی گرنگ دەزانێت و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانی ئەم پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە".
بافڵ تاڵەبانی داوای بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکات و دەڵێت، "هیوادارین هەموولایەکمان بەدەم ئەم پەیامەوە بچین و هەنگاوی کرداریی بنێین بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری و ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەستنەدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناخەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە".
بافڵ تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "وەک وتووشمانە ئێمە پشتیوانی خوشک و براکانمانین لە هەر چوار پارچەی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ