رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو لە ریاز، رۆژی پێنجشەممە شاندەکانی رووسیا و ئەمریکا لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025 لە دۆحەی پایتەختی قەتەر رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە شاندەکانی رووسیا و ئەمریکا لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەکان بۆ باری ئاسایی خۆیان دەکەن.
لاڤرۆڤ گوتی: "رامانگەیاندبوو دیپلۆماتکارە باڵاکانمان و شارەزایانمان کۆبوونەوە و باسمان لە کێشە سیستماتیکییەکان کرد کە لە ئەنجامی کارە نایاساییەکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بۆ ئاستەنگکردنی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی رووسیا کەڵەکەبوون، کە بە شێوەیەکی سرووشتی وەڵاممان دایەوە و هەلومەرجی نەرێنیمان بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ دروستکرد. کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە سبەی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە ئیستەنبووڵ، لایەنەکان تێدەگەن کە چەندە خێرا و کاریگەرانە دەتوانن بەرەو پێشەوە بچن.
لاڤرۆڤ هیچ زانیارییەکی نەدا کە کێ لە نێو ئەو شاندانەی رووسیا و ئەمریکادا دەبن کە دەچنە ئیستەنبووڵ.
شاندی رووسیا و ئەمریکا رۆژی 18ـی شوباتی ئەم ساڵ لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوە و دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەمجار لەسەر یەک مێز گفتوگۆیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ