کەشناسی: سبەی رەشەبا کۆتایی دێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەو سەرما و رەشەبایەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تاوەکو سبەی بەردەوام دەبێت و شارەزایەکی کەشناسیش دەڵیت، لە هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاندووە؛ "ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە".
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی دەڵێت، ئەو رەشەبا و سەرمایەی هەڵیکردووە، ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت.
 
هاوکای، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم رەشەبایەی دوو رۆژە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 29ـی شوبات بەردەوامدەبێت". لەبارەی پلەکانی گەرماش پێیوایە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو کەشوهەوا بە ساردی دەمێنێتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ و پەڵە هەور بێت. محەممەد کەمالیش دەڵێت، "لە دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی مامناوەندیی باران هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی
دهۆک: 13 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 2- پلەی سیلیزی
گەرمیان: 16 پلەی سیلیزی