رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارینی بەفرەوە، رێگەی هاتووچۆی لانیکەم 229 گوند لە پارێزگای لۆڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان داخراون.
مورتەزا شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی پارێزگای لۆڕستان، ئەمڕۆ (سێشەممە) رایگەیاند، لە دوێنیوە لە نۆ شاری سەر بەو پاریزگایە بەفر دەبارێت و بەو هۆیەوە، لانیکەم رێگەی 229 گوند داخراوە.
بەگوتەی مورتەزا شێروانی، ئەو گوندانەی رێگەیان داخراوە، دەکەونە سنووری شارەکانی خوڕەمئاوا، بروجێرد، ئەزنا، ئەلیگودەرز، دووروود، سلسلە، دلفان، چێگێنی و نوورئاوا، کە لەو ناوچانە بەفرێکی زۆر باریوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە شارەکانی ئەزنا و ئەلیگودەرز 40 سانتیمەتر بەفر کەوتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی لۆڕستان هەروەها دەڵێت، رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی ئەو پارێزگایە کراوەن و هاتووچۆ تێیاندا ئاساییە.
محەممەد ئیرانشاهی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی رێگەوبانی بروجێردیش، ئەمڕۆ رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر کە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە، رێگەی 60 گوند داخراون.
ئیرانشاهی گوتی، تیمەکانی رێگەوبان دەستیان بە پاککردنەوەی رێگەکان و کردنەوەی رێگە داخراوەکان کردووە، تائێستا رێگەی 20 گوندی سەر بە بروجێرد کراونەتەوە و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی رێگەی 40 گوندی دیکەش بەردەوامن.
ئەوە لەکاتێکدایە مەهدی پازووکی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لۆڕستان، دوێنێ ئاماژەی بە داخرانی رێگەی 145 گوند لە سنووری ئەو پارێزگایەی کردبوو و رایگەیاندبوو، "رێگەی لانیکەم 90 گوند لە شاری ئەلیگودەرز، 40 گوند لە شاری ئەزنا و 15 گوند لە شاری بروجێرد، بەهۆی بارینی بەفرەوە داخراون."
مەهدی پازوکی هەروەها ئاماژە بە بەردەوامیی بارینی بەفر لە ناوچەکە کردبوو و گوتبووی "ملەکانی بادۆش، ئابشار و ئیمامزادە لە سنووری شاری ئەلیگودەرز بەهۆی بارینی بەفر و کڕێوەوە داخراون."
لە رۆژی شەممە، 24ـی شوباتی 2024ـەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بەپێی پێشبێنییەکانی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، کاریگەری شەپۆلەکە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی پارێزگای لۆڕستانیش دەڵێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی دوو شەپۆلی نوێ، پێشبێنی دەکەن بارینی بەفر لە چەندین ناوچەی ئەو پارێزگایە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ