مەسرور بارزانی: پێویستە وەک قەوارەیەکی دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبووەوە و لە مێزگردێکیشدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور، کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەر بکات.
رۆژی سێشەممە، 27ی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا- سینات و سێناتۆر رۆجەر ویکر، ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە.
مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکای کرد و جەختی لە رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان کردەوە. سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە و گەلی کوردستان دەربڕی.
هاوکات هەر رۆژی سێشەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە، پەیمانگەی سیاسەت، هزر و لێکۆڵینەوەی ئەمریکی کۆبووەوە و دواتر لە مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتن رایگەیاند، پێویستە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە رێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت".
مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوە دا، "خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە رەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور، کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەر بکات؛ لەو بارەوە ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیش کرد.