مەسرور بارزانی ئامادەیی حکومەت بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی ئاگرەکەی هەولێر دەردەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیران، پارێزگاری هەولێر و دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ هۆکارەکانی روودانی ئاگرەکە بکەن".
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، تەندروستی و شارەوانی کرد کە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بەشدار بوون.
سەرۆکوەزیران ئامادەیی حکومەتی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان دەربڕی و دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد "هەرچی پێویست بێت لەوبارەیەوە ئەنجامی بدەن".
نزیکەی کاژێر 7:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27-2-2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و پەیامنێری رووداو لە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە گوتی، زوو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و لە 20 لاوە دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد.
لە هەمان کاتدا خاوەن دووکانەکانیش کە بەشی زۆریان چووبوونەوە بۆ ماڵەوە، گەڕانەوە بە مەبەستی بردنە دەرەوەی کەلوپەلی نێو دووکانەکانیان.
ئەمشەو پێش کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بازاڕی لەنگەی هەولێر رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە دووکانی بازاڕەکە سووتاون، بەڵام بە دیاریکراوی نازانرێت چەند دووکان سووتان."
پارێزگاری هەولێر لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە رایگەیاند، قەبارەی زیانەکە دیار نییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، 20 کەس بەهۆی هەناسەتەنگییەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
بازاڕەکە نزیکەی 2400 دووکانی تێدایە. بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، خەمڵاندنەکان بەو جۆرەن کە 800 تاوەکو هەزار دووکان سووتابن.
ئەوە یەکەم جار نییە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بکەوێتەوە؛ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ش ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە سەتان دووکان سووتان.