پارێزگاری هەولێر: 20 کەس بەهۆی هەناسەتەنگییەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە دەڵێت، قەبارەی زیانەکە دیار نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 20 کەس بەهۆی هەناسەتەنگییەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. 
 
نزیکەی کاژێر 7:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و پەیامنێری رووداو لە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە گوتی، زوو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و لە 20 لاوە دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد.
 
لە هەمان کاتدا خاوەن دووکانەکانیش کە بەشی زۆریان چووبوونەوە بۆ ماڵەوە، گەڕانەوە بە مەبەستی بردنە دەرەوەی کەلوپەلی نێو دووکانەکانیان.
 
ئەمشەو پێش کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بازاڕی لەنگەی هەولێر رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە دووکانی بازاڕەکە سووتاون، بەڵام بە دیاریکراوی نازانرێت چەند دووکان سووتان."
 
بازاڕەکە نزیکەی 2400 دووکانی تێدایە. بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، خەمڵاندنەکان بەو جۆرەن کە 800 تاوەکو هەزار دووکان سووتابن. 
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 20 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام هیچیان نەسووتاون و بەشێکیان کارمەندانی بەرگریی شارستانین.
 
پارێزگای هەولێر سوپاسی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانیانی کرد کە بەشداری کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە، دەست بە خاوێنکردنەوەی شوێنەکە دەکەین. 
 
ئەوە یەکەم جار نییە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بکەوێتەوە؛ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ش ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە سەتان دووکان سووتان.