بەرگریی شارستانیی هەولێر: تێبینیمان لەسەر سیستمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕی لەنگە هەبووە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تێبینییان لەسەر سیستمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر هەبووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە لە جۆری چوارەم بووە و لە مەتر و نیوێک بۆ سێ مەتر بەرز بووە.
 
نزیکەی کاژێر 7:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و پەیامنێری رووداو گوتی، زوو ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و لە 20 لاوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بوون.
 
لە هەمان کاتدا خاوەن دووکانەکانیش کە بەشی زۆریان چووبوونەوە بۆ ماڵەوە، گەڕانەوە بە مەبەستی بردنە دەرەوەی کەلوپەلی نێو دووکانەکانیان. 
 
لە شوێنی رووداوەکە، خاوەن دووکانەکان و شایەتحاڵان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا سیستمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕەکە کاری نەکردووە. 
 
 
كاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەوە لەبارەی ئەوەی کە سیستمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕەکە کاری نەکردووە، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "بێگومان ئەو سیستمە کە وەری دەگرین، لیژنەی وەرگرتنمان هەیە. ئێمە تێبینیمان هەبووە، هەرچەندە برادەرانی تەکنیکی ئەو کارە دەکەن. بەڵام بابەتی کارپێکردنی ئەو سیستمە، ئەگەر ئۆتۆماتیکی بێت یان کارکردن بە دەست بێت، ئەمە سیانەی دەوێت، بەردەوام ئیشکردنی دەوێ؛ یەکەی تایبەتی دەوێ؛ کێشەکەش لەوەدایە کە تا رادەیەک زانیاری لەبارەی ئیشپێکردنەکەش کەمە لێرەدا".
 
کاروان میراودەلی لەبارەی جۆری ئاگرەکە گوتی، "لە جۆری چوارەمە، واتە جۆری ئاگرەکە زۆر بەرزە و بەرزییەکەی لە مەتر و نیوێک بۆ سێ مەترە".
 
بازاڕەکە نزیکەی 2400 دووکانی تێدایە. بەختیار قادر گوتی، خەمڵاندنەکان بەو جۆرەن کە 800 تاوەکو هەزار دووکان سووتابن. لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ش ئاگرێک لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە سەتان دووکان سووتان.