ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر کۆنترۆڵکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە پاش نزیکەی سێ کاژێر لە سووتانی بەردەوام، ئاگری بازاڕی لەنگەی هەولێر بە گشتی کۆنترۆڵکراوە.
 
گوتیشی، تەنیا هەندێ ئاگری پچڕ پچڕ لەنێو دووکانەکان ماون کە کاریگەرییان نییە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە.
 
هێشتا بە فەرمی زیانە مادییەکانی رووداوەکە رانەگەیەنراون، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
 
پێش کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بازاڕی لەنگەی هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 20 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام هیچیان نەسووتاون و بەشێکیان کارمەندانی بەرگریی شارستانین.
 
رووداو هەر لە سەرەتاوە، رووماڵی ئاگرەکەی کرد. لێرەوە وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری ببینە.
 
ئاگرەکە لە سەروبەندی داخستنی دووکانەکاندا کەوتەوە، شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، "هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بوو".
 
لە پاش زیاتر لە دوو کاژێر لە بەردەوامیی ئاگرەکە، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "تا رادەیەک لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە، ئاگرەکە بەرزە و دووکەڵەکەی مەترسیدارترە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین دووربکەونەوە".
 
گوتیشی، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بزانن هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چیبووە.
 
ئەوە یەکەمجار نییە ئاگر لەو بازاڕە بکەوێتەوە، پێشتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018 ئاگرێکی گەورە لە هەمان شوێن کەوتەوە و بەهۆیەوە 1200 دووکانی بازاڕەکە سووتان؛ ئەوکات ئاگرەکە لە رێگەی بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و لە دوای بارینی بارانێکی بەلێزمە، کۆنترۆڵکرا.

 

 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو و ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ کردوون، نزیکەی 30% بۆ 40%ـی دووکانەکانی بازاڕەکە سووتاون، لەکاتێکدا نزیکەی 2400 دووکانی تێدان، ئەو رێژەیە سەروو 800 دووکان دەکات کە ئەگەری سووتانیان هەیە.
 
شایەتحاڵان و خۆبەخشان کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوونەتە بازاڕەکە و قسەیان بۆ پەیامنێرانی رووداو کرد ئاماژەیان بەوە دەکرد، "ئاوی پێویست نەبووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە".