ئاسایشی رۆژئاوا کوژرانی دوو ئەندامی لە دێرەزوور راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە دوو هێرشی چەکداریدا بۆ سەر خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانیان لە پارێزگای دێرەزوور، دوو ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، دوو ئەندامیان بە ناوەکانی حسان عەلی تەمەن 26 ساڵ و شاهر سوڵتان تەمەن 45 ساڵ، لە دوو هێرشی چەکداریدا لە پارێزگای دێرەزوور کوژراون.
 
ئەو دوو ئەندامەی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژەکانی سەرەتای ئەم مانگە کوژراون، بەڵام ئاسایش ئێستا هەواڵی کوژرانیان رادەگەیێنێت.
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، حسان عەلی رۆژی 3ی شوبات و شاهر سوڵتان رۆژی 8ی شوباتی 2024، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاساییاندا کراونەتە ئامانج و کوژراون. 
 
رۆژی سێشەممە، 6ی شوباتی 2024یش، لە هێرشێکی چەکداریدا لە دەوروبەری شاری رەققە، ئەندامێکی دیکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ناوی عەبدولسەمەد ئەلحەموود گیانی لەدەستدابوو.
 
پارێزگای دێرەزوور، کە بە نەوت دەوڵەمەندە، هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە عەرەبن. هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بەشێکی ئەو پارێزگایە کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فورات دەگرێتەوە، کۆنترۆڵ کردووە. بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەش لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.
 
لە پارەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی سوریا و ئێران بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای دێرەزوور زیاتر بووە، بە تایبەت دوای دەستگیرکردنی ئەبوو خەولە، فەرماندەی پێشووی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لە 2023دا.
 
لەوکاتەوە بارودۆخی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە، ناجێگیرە و چەکدارانی ژمارەیەک هۆزی عەرەبی نیشتەجێی ئەو پارێزگایە چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ‌هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.