بەڤیدیۆ: ئاگر لە لەنگەی هەولێر کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکەن و لە 20 لاوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
 
تاوەکو ئێستا بە فەرمی نازانرێت هۆکاری رووداوەکە چییە. شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، "شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکە بوو".
 
خاوەن دووکانەکان، کە بۆ پشووی ئێوارە رۆشتبوونەوە، گەڕاونەتەوە و هاوکاری تیمەکان دەکەن لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا.
 
لە پاش زیاتر لە دوو کاژێر لە بەردەوامیی ئاگرەکە، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "تا رادەیەک لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە، ئاگرەکە بەرزە و دووکەڵەکەی مەترسیدارترە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین دووربکەونەوە".
 
گوتیشی، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بزانن هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چیبووە.
 
 
پێشتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە 1200 دووکانی بازاڕەکە سووتان، ئەوکات ئاگرەکە لە رێگەی بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و لە دوای بارینی بارانێکی بەلێزمە، کۆنترۆڵکرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو و ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ کردوون، نزیکەی 30% بۆ 40%ـی دووکانەکانی بازاڕەکە سووتاون، لەکاتێکدا نزیکەی 2400 دووکانی تێدان، ئەو رێژەیە سەروو 800 دووکان دەکات کە ئەگەری سووتانیان هەیە.
 
شایەتحاڵان و خۆبەخشان کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوونەتە بازاڕەکە و قسەیان بۆ پەیامنێرانی رووداو کرد ئاماژەیان بەوە دەکرد، "ئاوی پێویست نەبووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە".
 

 
لە پاش نزیکەی سێ کاژێر، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا؛ کلیک بکە بۆ زانیاریی نوێ.