لە ورمێ و ئیلام سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی ورمێ و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی دووشەممە، رووداوێک لەسەر رێگەی نێوان ورمێ - مهاباد و رووداوەکەی دیکەش لە رێگەی نێوان ئیلام - میهران روویداوە.
 
ئەبوڵفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی ئیلام و میهران و لە نزیک گوندی مەهدی ئاوا، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری سەمەند و پیجۆ پێکیاندادا.
 
بە گوتەی کەهزادی، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون، لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری ئیلام.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، کەهزادی دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، رووداوەکە بەهۆی هەڵەی شۆفێری ئۆتۆمبێلی سەمەند روویداوە، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە سایدی خۆی لایداوە و خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەدا کێشاوەتەوە.
 
رۆژی شەممەش، لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی ئیلام - میهران، کە لە نێوان دوو بارهەڵگر و سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتدا روویدا، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا پێنج کەسیش بریندار بوون.
 
لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێوان ورمێ - مهاباد، کەسێک گیانی لەدەستدا.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر رێگەی نێوان مهاباد - ورمێ وەڕگەرا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.