وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەسەر دواخستنی تاقیکردنەوە و کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن دەدات

رووداو دیجیتاڵ 

پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو هەژمارکراون و دەشڵێت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەسەر دواخستنی تاقیکردنەوەکان و کەمکردنەوەی پرۆگرام دەدات.
 
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی پێشکشی دەکات، رایگەیاند، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە دەکرێت."
 
دەشڵێت، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، لە کۆبوونەوەکە بڕیار لەسەر ئەو پێشنیازانە دەدرێت کە پێشکێشکراون بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکان و کەمکردنەوەی پرۆگرام.
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، ئەو پێشنیازانەی کراون بۆ دواخستنی کاتی تاقیکردنەوەکانی وەزاریی پۆلی 12، یان کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن، "ئێمە داوامان کردووە پرۆگرام کەمبکرێتەوە و تاقیکردنەوەکانیش دوابخرێن."
 
بە گوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، پاساوێکی دیکەیە و پێویستە بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکان، ئەوان وەکو پەروەردە لەگەڵ ئەوەدان تاقیکردنەوەکان بکەونە دوای هەڵبژاردن و لە مانگی تەممووزدا بکرێن.
 
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە پێکدێت لە 10 بەڕێوەبەرایەتی، دەوام لە سەرجەم قوتابخانەکان دەستیپێکردووەتەوە.
 
لە ماوەی رابردوودا سێ هەزار و 182 مامۆستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە نەهاتوو (غیاب) هەژمارکراون؛ نەژاد عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەوە سزا نییە و بەڵکو ئامادەنەبوونە لە دەوام."
 
لەبارەی داواکاریی مامۆستایان بۆ هەژمارنەکردن و سڕینەوەی ئامادەنەبوونی مامۆستایان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گوتی: "هەفتەی پێشوو بەشێک مامۆستایانی ناڕازی هاتنە لامان و داوایانکرد ئەو ئامادەنەبوونە هەڵبوەشێتەوە، ئێمە پێشنیازەکەمان وەرگرتووە و گفتوگۆی لەسەر دەکەین و دواتر یەک بڕیاری سەرتاسەری دەدرێت کە چی دەبێت."
 
سەبارەت بە کێشەی گرێبەستی فرۆشگەی قوتابخانەکان، نەژاد عەبدوڵڵا گوتی: "بڕیاردراوە 25٪ی پارەی فرۆشگەی قوتابخانەکان بدرێتەوە خاوەن فرۆشگەکان. تەنیا لە 35 ناوەندی خوێندن نەبێت کە درەنگ خوێندن دەستی پێکردووەتەوە، بە رێژەی 15٪ بە کرێ پێیان دەدرێتەوە."