بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک: بارەگاکانمان وەردەگرینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی ئەنجوومەنی عەرەبیی کەرکووکدا دەڵێت، هەر 40 بارەگاکەیان لە پارێزگای کەرکووک وەردەگرنەوە، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.
 
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، ئەنجوومەنی یەکگرتووی عەرەبی لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک بە پارتی کە پێشتر بارەگای سەرکردایەتی ئەو حیزبە بووە، رایگەیاند، "رەتیدەکەینەوە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رادەستی پارتی و هیچ پارتێکی دیکە بکرێتەوە لەپێناو پاراستنی شکۆی هێزە ئەمنییەکانمان."
 
ئەنجوومەنی یەکگرتووی عەرەبی دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان پێش 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کاری ناسیاسی لەو بارەگایە کردووە، هێزە فیدراڵییەکان کاتێک چوونە نێو بارەگاکەوە تەرمی تێكچووی هاووڵاتی عەرەبییان دۆزییەوە کە پێشتر بێسەروشوێن کرابوون." هەروەها داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئاشکرابکات "بۆ زانینی ناسنامەی تەرمەکان و لێپرسینەوە لە بکەران." 
 
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، د. محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی یەکگرتووی عەرەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی یەکگرتووی عەرەبی دەیانەوێت وەکو بڵقی سەر ئاو خەڵک فوویان پێدا بکات بۆ ئەوەی دەربکەون، بۆیە ئیدی وەڵامیان نادەینەوە، ئەو بارەگایە بارەگایەکی سیاسیی حیزبێکی فەرمییە و خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسییە لە پەرلەمانی عێراق، بەشێکی ئەوانەی لەو ئەنجوومەنەن پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەبووە، بۆیە بەردەوام بیریان لای ئەوەیە حیزبەکانی دیکەش وەکو ئەوان بن، لە چاویلکەی خۆیانەوە سەیری خەڵکی دیکە دەکەن." 
 
سەبارەت بە رژدبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر وەرگرتنەوەی بارەگاکە کە تاوەکو ئێستا لە چەند لایەنێکی عەرەبییەوە نیگەرانی لەسەر نیشاندراوە، گوتی: "ئەو بارەگایە بیگ ئۆفیسی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و خۆمان دروستمانکردووە، بووەتە هێمای داگیرکاریی لە کەرکووک، چونکە بارەگای سوپای عێراق بووە، بارەگای هەواڵگری و بەشێکی حەشدی شەعبی لەوێیە، دووەم ئەو شوێنە پارتی دروستیکردووە و هەقی خۆمانە و دەبێت بگەڕێتەوە بەپێی خاڵی 13ـی کارنامەی وەزاری."
 
لەبارەی موڵکایەتی زەویی باڵەخانەکەی پارتیشەوە کە ئەنجوومەنی یەکگرتووی عەرەبی دەڵێت، موڵکی وەزارەتی نەوتە، بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ئەو زەوییەش وەکو هەموو زەوییەکانی کەرکووک کە هەمووی لەسەر وەزارەتی دارایی و بەرگری و نەوت تاپۆکرا بوون، ئەو زەوییەش بەوشێوەیە؛ ئەی چی بە زەوییەکانی گوندەکانی گورگەچاڵ و شۆراو و سێکانییان و کوردەمێر و سۆنەگۆلی و دارەمان دەڵێن، ئەوانەش هەمووی تاپۆکرابوون، ئەوانە بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە بوون، خەڵکی کەرکووک دوای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان گوندەکانیان دروستکردووەتەوە و ئەگەر داگیرکراوە بۆ رێگە دراوە کۆلێژی کشتوکاڵ و بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و دەیان رێگەپێدانی دیکەی وەکو قوتابخانە و شتی دیکە لەو شوێنانە بن."
 
د. محەممەد خورشید لە وەڵامی دیاریکردنی بارەگایەکی دیکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ راییکردنی کارەکانی بۆ ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "ئەو بارەگایە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستانە و سەرپەرشتی رێکخستنەکانی کەرکووک دەکات، کرێیەکی زۆرمان داوە پێشتر و پێویستە هەموو ئەو بارەگایانەمان بدرێتەوە کە تەنیا لە پارێزگای کەرکووک 40 بارەگا دەبێت."
 
دەستەی رای عەرەبی، لایەنێکی عەرەبیی کەرکووکە. رۆژی 23-2-2023، دژایەتیی خۆیان بۆ گەڕانەوە و رادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە هەموو بارەگاکانی پارتی لەو شارە کرانە ئامانج و دەستیان بەسەردا گیرا.