رووداو دیجیتاڵ
عەلی حەمە ساڵح باس لەو کارە دەکات کە دوای پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی لە پەرلەمان دەیکات و دەڵێت، "دەبمەوە مامۆستا."
ئەمڕۆ دووشەممە27-2-2023، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراو داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی پەرلەمان کردووە، رۆژی چوارشەممە دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، وەک مامۆستا دەچێتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە.
رۆژی یەکشەممە 26-2-2023، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان داوای لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد، دەستلەکارکێشانەوەکەی بخاتە بەرنامەی کارەوە، ئەویش پێی راگەیاندووە، لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو دەیخاتە بەرنامەی کارەوە.
لەوبارەیەوە، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە کارنامەی دانیشتنی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی کوردستان هەموو ئەو دەستلەکارکێشانەوانە دەخرێتە دەنگدانەوە کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون. گوتی، "دەستلەکارکێشانەوەکەی عەلی حەمە ساڵحم ناردووەتە لای سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان."
بەپێی ریزبەندی دەنگدان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، بڕیار دەدرێت کێ شوێنی عەلی حەمە ساڵح بگرێتەوە، بەپێی پێشبینییەکان، دلێر عەبدولخالق دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە شوێنی عەلی حەمە ساڵح.
عەلی حەمە ساڵح گوتی، لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022، مووچەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، بەڵکو "مووچەکەم بۆ کوردانی رۆژئاوا دەنارد."
رۆژی 6-11-2022، شەش پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکە کە بەشێکیان سەربەخۆن و بەشێکیان پەرلەمانتاری گۆڕان بوون، بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
عەلی حەمە ساڵح، کە یەکێک بوو لەو 12 پەرلەمانتارە، گوتی: "ئەو کات نەمویست خۆم بکەمە نێو هەڵمەتێکەوە بۆیە لەگەڵ برادەرانم بڕیاری بایکۆتکردنم دابوو، بەڵام بەگشتی لە 8ی 12ی ساڵی پارەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەم لە پەرلەمانی کوردستان کردووە، تاوەکو ئێستا چوار جار داوای دەستلەکارکێشانەوەم کردووە."
ناوی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە داوای دەستلەکارکێشانەوەیان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە
1. شێرکۆ جەودەت مستەفا
2. ئەبوبەکر عەبدوڵڵا سەعید
3. ئیسماعیل عەلی تەها
4. سەرچنار ئەحمد مەحموود
5. هلز ئەحمەد محەممەد حەسەن
6. عەلی حەمە ساڵح
7. كازم فارووق نامیق
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ