وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: مووچە بۆ 14 هەزار نیڤشکانی دیکە دەبڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵا دروستکراوە بۆ پشکنینی 14 هەزار نیڤشکان بۆ ئەوەی مووچەی مانگانەیان بۆ دابینبکرێت.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرماڵەی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دروستکراوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ زیاتر لە 14 هەزار کەسی دیکە بکەن و کارەکانی لیژنەکە هەنگاوی باشی بڕیوە و لە قۆناخی کۆتاییدایە.
بەگوتەی ئاریان ئەحمەد، لیژنەکان بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی بینیوە، بەڵام هەمووی کۆتایی نەهاتووە و چەند هەزار کەسێکی ماوە، کەی تەواوبوو هەموو ناوەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی دەرماڵە بدرێت بۆیان، چونکە سەرۆکوەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ دەرماڵەی ئەو 14 هەزار کەسە.
بێجگە لەو 14 هەزار کەسە، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، نزیکەی 16 هەزار کەسی دیکە هەن پێویستیان بەوەیە دەرماڵەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەربگرن، بەڵام لە قۆناخی یەکەم رەزامەندی لەسەر توێژی (ئۆتیزم، شەلەل دەماخ، بیرکۆڵ، کورتە باڵا، منداڵانی خوار 18 ساڵ کە نەخۆشی درێژخایەنیان) هەیە کە ژمارەیان زیاتر لە 14 هەزار کەسن دراوە و "لە داهاتوودا هەوڵی ئێمە ئەوەیە دوای تەرخانکردنی هاوکاری بۆ ئەو 14 هەزار کەسە، نزیکەی 16 هەزار کەسی دیکە دەمێنن و پێویستیان بە تەرخانکردنی هاوکارییە."
ئەو مووچەیەی مانگانە وەزارەتی کار دەیداتە ئەو کەسانە 150 هەزار دینارە بۆ ئەوانەی هیچ مووچەیەکیان نییە، 100 هەزار دیناریشە بۆ ئەوانەی مووچەی دیکەیان هەیە.