رووداو دیجیتاڵ
دەیان نیڤشکان (خاوەن پێداویستیی تایبەت) بە خۆبەخش لە کارگەی بەرگدرووی کۆمەڵەی نیڤشکانانی مووش کاردەکەن، بەرهەمەکانان وەک کۆمەک دەگەیەننە لێقەوماوانی بوومەلەرزە. دەیانەوێت بەو توانایەی هەیانە، بەشێک لە لێقەوماوان گەرم بکەنەوە و لە سەرما بیانپارێزن.
بەدری کۆرماز، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێ "ئێمە جلوبەرگی ژێرەوەی زستانی دەدوورین. بۆ ژنان کراس و بۆ منداڵانیش بیجامە، دەدوورین. دواتر دەیاننێرن بۆ ئەو لێقەوماوانەی بوومەلەرزە، کە پێویستییان بەو جلوبەرگانە هەیە".
ئەو ناوەندەی کارکردنی تایبەت بە نیڤشکانان، ماوەی سێ مانگە کراوەتەوە. پێش بوومەلەرزە بەرهەمەکانیان کۆدەکردەوە و دەیانفرۆشتن، دواتر داهاتەکە بەسەریاندا دابەشدەکرا، بەڵام ئەمجارە، بەرهەمەکانی خۆیان کۆکردەوە و بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەیان نارد.
سەعادەتین شاڤلی، نیڤشکان دەڵێ "ئێستا ئێمە جلوبەرگ دەدوورین، لەگەڵ ئەو بوومەلەرزەیەش دەستمان بە ناردنیان کرد بۆ لێقەوماوان. بێ وەستان کاردەکەین و جل بۆ لێقەوماوان دەدوورین".
بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات کە ناوەندەکەی شاری مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، بەگشتی 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 45 هەزار کەس تەنیا لەو ناوچانە، هەروەها برینداربوونی دەیان هەزاری دیکە و رووخانی هەزاران باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بێماڵوحاڵبوون خەڵک، ئەمانەش وایانکردووە خەڵکی ئەو ناوچانە پێویستییان بە هەموو جۆرە هاوکارییەک بێت تاوەکو دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ