بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین: حکومەتی عێراق داوای داخستنی دەروازە لاوەکییەکانی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بڕیاریداوە هەموو دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی نێوان عێراق و ئێران دابخرێن، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
1ی ئەم مانگە شاندێکى دەروازە سنوورییەکانى ئێران و شاندێکى دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک بڕیار دراون، لەنێویاندا داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
رۆژی دووشەممە 27-02-2023 عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان داوە، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراویان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە، بۆئەوەی رێنوێنیی بۆ دەربکات و بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، ناوی هیچ دەروازەیەکی دیاریکراویان نەهێناوە، تەنیا داوای ئەوەیان کردووە سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان دابخرێن و کار لە دەروازە فەرمییەکان بکرێت، "گفتوگۆکانیشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بەردەوامە و دەبێت ئەوان وەڵامی نووسراوەکەمان بدەنەوە."
 
لەوبارەیەوە جەوهەر رەسوول، بەڕێوەبەری گومرگی راپەرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عێراق داوای داخستنی سەرجەم  دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی کردووە، ئەوانەی لەلایەن هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە بە نافەرمی دادەنرێن، نەک ئەوانەی ساڵی 2018 دەرکران لەنێو ئەوانەی کە دەبێت دابخرێن، وەک کێلێ، پشتە، سەیرانبەن و ئەوانی دیکە، چونکە ئەوانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمین."
 
بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە هیچ دەروازەیەکی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەبێت. ساماڵ عەبدولرەحمان، بە رووداوی گوت، "هەڵە تێگەیشتنێک روویداوە، ئێمە هیچ دەروازەیەکی نافەرمیمان نییە، ئەو دەروازانەی عێراق ناوی دەنێت نافەرمی، ئەوانە رێگە بوون نەک دەروازە، کاتی خۆی لەلایەن پاسەوانانی سنوور ئەو رێگایانە داخران و کۆنترۆڵ کران، ئەوانەی دیکە کۆمەڵێک دەروازەن کە لە هەرێمی کوردستان فەرمین و بازرگانییان تێدا دەکرێت."
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتیشی، "ئەو دەروازانەی کە هەن وەکو کێلێ و پشتە و سەیرانبەن و ئەوانەی دیکە کە هاوشێوەی ئەوەن، لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق داوامان کردووە بکرێنە فەرمی، ئەوانیش وەڵامیان هەبووە و کاتی خۆی لیژنەی هاوبەش هاتووە هەموو دەروازەکانیان بینیوە و هەر کەموکورتییەک هەبێت نووسیویانە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراق دەکەین، کە لەلایەن ئەوانیشەوە بکرێنە فەرمی."
 
لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی و هاوسنوور لەگەڵ ئێران و تورکیادا هەن، ئەو دەروازانەی کە نێودەوڵەتین بریتین لە: پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و باشماخ لە پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیبراهیم خەلیل لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، هاوکات زیاتر لە پێنج دەروازەی دیکە هەن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەکو دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتی نەناسێندراون.
 
بە گوتەی ساماڵ عەبدولرەحمان، مەبەست لە دەروازە نافەرمییەکان، کۆمەڵێک رێگە هەبوون کە قاچاخیی تێدا دەکرا و ئەوان هیچ کێشەیەکیان لە داخستنی ئەو رێگایانە نەبووە و پاسەوانی سنوور دایخستوون، "ئەوانی دیکە جێی گفتوگۆیە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆئەوەی بکرێنە فەرمی چونکە لە هەرێمی کوردستان فەرمین."