دوو منداڵ لە هەولێر سەگ پەلاماریان دەدات و یەکێکیان بە سەختی بریندار دەبێت

27-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێشکگری کارگێڕی لە فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ دوو منداڵ لە گەڕەکی بیرکۆتی نوێ لە هەولێر سەگ پەلاماری داون و یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە.
 
رۆژی دووشەممە 27-02-2023 نەسرەدین سابیر، ئێشکگری کارگێڕی لە فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دوو منداڵی تەمەن 10 ساڵ و 9 ساڵ، سەگ پەلاماری داون و گەیێندراونەتە فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر.
 
بە گوتەی ئێشکگری کارگێڕی لە فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر، هەردوو منداڵەکە چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە، "یەکێک لە منداڵەکان رانی زۆر بە سەختی بریندار بوو، بەڵام چارەسەری بۆ کراوە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە."
 
نەسرەدین سابیر گوتیشی، "رووداوەکە لە گەڕەکی بیرکۆتی نوێ بووە، ئەو منداڵانە لەگەڵ دایکیان چوونەتە دەرەوە و سەگ پەلاماری داون."
 
رۆژی یەکشەممە، 26-02-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە لەنێو شار، 20 دۆنم زەوییان دابینکردووە بۆ داڵدەدانی ئەو سەگانە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پەناگەیە دروست دەکرێت و وەکو سەرەتاش 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
 
دوای تەواوبوونی ئەو پەناگانە، بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لیژنەیەک لە شارەوانی و ڤێتێرنەرى دادەنرێت بۆ ڤاکسینکردن و خەساندنی سەگەکان.
 
پەناگەکە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوور دەبێت. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، دروستکردنی پەناگەکە قۆناخی یەکەم دەبێت و لە قۆناخى دووەمدا دەستدەکرێت بە هەڵمەتى گرتن و کۆکردنەوەى سەگەکان و گواستنەوەیان.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە