چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: نرخی کیلۆیەک گۆشت بە 20 هەزار دینار دیاریکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گرانبوونی گۆشتی سوور بۆ کەمیی ئاژەڵ، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و چەند هۆکارێکی دیکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "لەلایەن ئێمەوە نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور بە 20 هەزار دینار دیاریکراوە."
 
رۆژی دووشەممە 27-02-2023 سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "نرخی کیلۆیەک گۆشت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە بە 20 هەزار دینار دیاریکراوە."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتیشی، ماوەی سێ هەفتەیە نرخی گۆشتی سوور لە شاری سلێمانی بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی قەپان کە لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە "بۆ هەر یەک کیلۆ 3500 دینار زیادیکردووە."
 
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بە گرانیی ئالیک و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کرد و بە دوو هۆکاری سەرەکیی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور ناوی بردن.
 
بە گوتەی سۆران عەبدولغەفوور، داوایان کردووە بۆ ماوەی دوو یان سێ مانگ لە سنوورەکان گومرگی ئاژەڵ هەڵبگیرێت بۆئەوەی نرخی گۆشت دابەزێت، دەشڵێت، "بۆ هەر سەر ئاژەڵێک 30 بۆ 35 هەزار دینار گومرگ وەردەگیرێت، کە ئەوەش هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت."
 
نرخی گۆشت لە قەزا و ناحیەکان سێ بۆ چوار هەزار دینار جیاوازیی لەگەڵ نرخی گۆشت لە سلێمانی هەیە و هەرزانترە. سۆران عەبدولغەفوور لەوبارەوە دەڵێت، ئەو گۆشتەی کە لە سلێمانی دەفرۆشرێت لە گۆشتی ناحیە و قەزاکان باشترە و "هیچ چەورییەکی پێوە ناهێڵن و تەنیا گۆشتێکی ساف دەدرێت بە هاووڵاتییان، ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر نرخەکەی کە گرانتر بێت."
 
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی خستەڕوو، "سنوورێکمان بۆ نرخی گۆشتی بەرخ و گۆشتی قیمە دیاریکردووە کە کیلۆیەک 20 هەزار دینارە. ئەگەر گۆشتفرۆشێک بە هەرزانتر بیفرۆشێت کێشەمان نییە، بەڵام لەم نرخە گرانتری بدات راستەوخۆ دووکانەکەی لێ دادەخرێت."
 
پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 100 بۆ 120 تۆن گۆشتی سوورە. هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان تێکڕا ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتە بەگشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە.
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەرهەمی نێوخۆ پێداویستیی خەڵک پڕناکاتەوە، بۆیە ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، ساڵانە 40 هەزار تۆن گۆشتی سوور هاوردە دەکرێت."