لەگەڵ رەنج باسی کێشەکانی سامانی ئاژەڵ لە کوردستان دەکات؛ ئەو گۆشتەی دەیخۆین، سەلامەتە؟

27-02-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج تایبەت بوو بە سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج تایبەت بوو بە سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن گۆشت لەگەڵ رەنج سامانی ئاژەڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی کیلۆیەک گۆشت لە ماوەی ساڵێکدا چوار هەزار دینار بەرزبووەتەوە. سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیانیش دەڵێت، "گومرگ و گرانبوونی ئالیک هۆکاری سەرەکین". بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ‌و ‏نوێنەری ‏وەزارەتی كشتوكاڵیش باس لە پێدانی ریقنە لەبری ئالیک بە ئاژەڵ دەکات و ئەوە بە "مەترسییەک بۆ تەندروستیی گشتی هاووڵاتییان ناودەبات".
 
بەرنامەی لەگەڵ رەنج (یەکشەممە، 26-02-2023) بە میوانداریی جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ‌و ‏نوێنەری ‏وەزارەتی كشتوكاڵ، شاڵاو عارف، سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیان، بێستوون ئەبوبەكر، پزیشكی ڤێتێرنەری، عوسمان جەمال، مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكیی  ڤێتێرنێریی زانكۆی ‏سلێمانی، هەژار عەبدوڵڵا، خوێندكاری زانستی خۆراك ‌و كۆنترۆڵی ‏جۆریی، حەكیم رەحیم، گۆشتفرۆش ‌و شارەزا لەبواری سامانی ‏ئاژەڵ، هۆكارەكانی گرانبوونی گۆشتی سوور و گرنگیدان بە کەرتی سامانی ئاژەڵ تاوتوێکرا.
 
مەیدانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان
 
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ‌و ‏نوێنەری ‏وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند "مەیدانەکانی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان هیچ تایبەتمەندییەکی مەیدانیان تێدا نییە. ئەو مەیدانانە دەبێ لەڕووی ڤێتێرنەرییەوە کاریان بۆ کرابێت. پێویستە بنکەی تەندروستی و پاسەوانیان بۆ دابینبکرێت و مزگەوت و شوێنی توالێتیان هەبێت. دەبێت خزمەتگوزاری بۆ ئاژەڵەکان و ئەو کەسانەش کە کاری تێدا دەکەن، دابینکرابێت".

 

 
جەمال حوسێن گوتی "مەیدانەکانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان هەموویان کۆنن و خراپتریش دەبن. ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرێت مەیدانی نوێی ئاژەڵ دروستبکرێت. ئێستا لە سلێمانی لە رێگەی وەبەرهێنانەوە کار بۆ دروستکردنی مەیدانێکی ئاژەڵ کراوە، کارئاسانی زۆرمان بۆ وەبەرهێنەرەکە کردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەردەمیانە مەیدانەکە دروستبکات".
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی پێیوایە "کەرتی ئاژەڵداری بەهۆی ئەوەی پێویستی بە سەرمایەیەکی گەورەیە و سوودەکەشی درەنگتر دەچێتەوە گیرفانی بازرگانەکە، کەمتر خەڵک خۆی لێدەدات. جگە لەوە، ئەم کەرتە تائێستا بەپیشەسازی نەکراوە؛ بۆیە هەر لە بڕینەوەی خووریی ئاژەڵەکەوە تاوەکو پێستەکەی لە کوردستاندا گرفتێکی گەورەی ژینگەییان دروستکردووە".
 
پێدانی ریقنەی مریشک بە ئاژەڵ
 
لە هەرێمی کوردستان ئاژەڵداران لەبری ئالیک ریقنەی مریشک دەدەن بە ئاژەڵەکانیان. ئەو ریقنەیە راستەوخۆ لە کێڵگەکانی پەلەوەرەوە دەهێنرێ، ئەوە لەکاتێکدایە بۆ ئەوەی ریقنەی مریشک تایبەتمەندیی ئالیک وەربگرێت، دەبێت بە سێ پرۆسەدا تێپەڕێندرێت.
 
جەمال حوسێن دەڵیت: "پێدانی ریقنەی مریشک بە ئاژەڵ لەڕووی زانستییەوە کاتێک رێگەپێدراوە، کە بە سێ پرۆسەدا تێپەڕیبێت، لەبەر ئەوەی 21٪ـی ریقنەی مریشک لە پرۆتین پێکهاتووە؛ بۆیە دەبێ بە پرۆسەی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجیدا تێپەڕێنرێت، ئینجا وەکو ئالیک بۆ ئاژەڵ بەکاربهێنرێت".
 
لەبارەی هۆکاری بەکارهێنانی ریقنە لەبری ئالیک، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی پێیوایە: "لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و شەڕی داعشەوە بەکارهێنانی ریقنە بووەتە باو، دواتر شەڕی ئۆکراینا و گرانبوونی نرخی ئالیک کە حکومەتیش هیچ پلانێکی پاڵپشتی بۆ دابینکردنی ئالیک بۆ ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان نەما، وایکرد خەڵک زیاتر روو لە بەکارهێنانی ریقنە بکەن".
 
جەمال حوسێن گوتیشی: "لە ساڵی 2008 تاوەکو ساڵی 2014 تەنیا لە سلێمانی 20 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی ئالیک و سووتەمەنی و پێداویستی ئاژەڵداران خەرجکرا، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، ئەم هاوکاریکردنە بەتەواوەتی راگیرا".
 
قڕکەرەکان لە هەرێمی کوردستان
 
سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیان دەڵێت، ساڵانە لە جیهان پێنج ملیۆن تۆن مادەی قڕکەر بەرهەمدەهێندرێت، کەچی لەو ژمارەیە 350 هەزار تۆنی هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە بەشێکی هەرە زۆری لە هەموو جیهاندا قەدەخەکراوە.
 
شاڵاو عارف، سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیان دەڵێ "بەکارهێنانی بەشی زۆری دەرمانە قڕکەرەکان لە جیهاندا قەدەخە کراون، لەبەرئەوەی بەکارهێنانیان دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی کۆمەڵگە. سایپەر یەک لەو قڕکەرانەیە کە لە جیهاندا قەدەخەکراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت. کۆمەڵێک قڕکەری دیکەش هەن کە بە قاچاخ دەهێنرێن".
 
شاڵاو عارف دەڵێت: "عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە ریزی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە کە دەرمانە قڕکەرەکانی تێدا بەکاردەبرێت و ساڵانە 350 هەزار تۆن مادەی قڕکەر هاوردە دەکات کە لە هەموو جیهاندا ساڵانە پێنج ملیۆن تۆن مادەی قڕکەر بەرهەمدەهێنرێت".
 
بە گوتەی سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیان، "ئەو مادە قڕکەرانە دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و کاتێک بۆ ئاژەڵێک بەکاری دەهێنن، لە چەوری ئاژەڵەکەدا دەتوێتەوە و بە کوڵاندنیشی تەنیا 45٪ـی لەنێودەچێت".
 
لەبارەی ئەو ئاژەڵانەی هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن،  شاڵاو عارف دەڵێت: "لە کوردستان و لە عێراقیش هیچ پشکنینێک بۆ رێژەی دەرمان و قڕکەرەکان بۆ ئەو ئاژەڵانە ناکرێت، کە هاوردە دەکرێن؛ پشکنین بۆ ئەوە ناکرێت کە پاشماوەی ئەو دەرمانەی دراوە بە ئاژەڵەکە بە چ رێژەیەک لەناو گۆشتەکەیدا ماوەتەوە".
 
دۆخی ئاژەڵداران لە قەزاکان 
 
بێستوون ئەبوبەكر، پزیشكی ڤێتێرنەری، بازاڕی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە پاشاگەردانی ناودەبات و هۆکارەکەش بۆ پزیشکانی ڤێتێرنەری دەگەڕێنێتەوە.
 
بێستوون ئەبوبەكر دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی ئەم پاشاگەردانییەی لە دەرمانی ئاژەڵدا دروستبووە، پزیشکەکانی ڤێتێرنەرین. پزیشک دەرمانێک بۆ ئاژەڵ دەنووسێت کە پێویستە تا 45 رۆژ لەدوای بەکارهێنانی ئاژەڵەکە سەر نەبڕدرێت، کەچی بە خاوەن ئاژەڵەکە دەڵێ کێشە نییە و دوای سێ رۆژ ئاژەڵەکە سەرببڕن؛ یان لەسەر هەندێک لە دەرمانەکان نووسراوە؛ نابێ بۆ ئاژەڵی شیردەر بەکاربهێندرێت، بەڵام پزیشکی ڤێتێرنەری بۆ ئاژەڵی شیردەری دەنووسێت".
 
بێستوون ئەبوبەکر دەڵێت، دۆخی سەلامەتیی گۆشت و ئاژەڵ لە قەزاکان زۆر خراپترە بەراورد بە شارە گەورەکان و باس لە نەبوونی کوورەی تایبەت بە سووتاندنی ئاژەڵی نەخۆش دەکات.
 
بەگوتەی بێستوون ئەبوبەکر "سووتاندنی ئاژەڵی نەخۆش لە سەیدسادق بە شێوەی کۆن دەکرێت. دەبێ ئەو ئاژەڵە کە دەسووتێنرێت ببێتە خۆڵەمێش، بەڵام لای ئێمە لە کوورەیەکی دەهاوێن و هەندێک مقەبا و نەوتی بەسەردا دەدەن و دەیسووتێنن، دواتر دەبینی تەنیا برژاوە و بۆگەنیکردووە، سەرباری ئەوەی دووکەڵەکەشی چووە بەسەر خەڵکەکەدا".
 
ئەو پزیشکە دەڵێت: "ساڵی 2014 حکومەت یەک ملیار دیناری بۆ دانانی سەربڕخانەیەک لە سەیدسادق خەرجکرد، بەڵام شارەوانی لەبری سەربڕخانەکە شەقامەکانی پێ قیرتاوکرد".
 
ڤاکسینی ئاژەڵ
 
عوسمان جەمال، مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكیی ڤێتێری زانكۆی ‏سلێمانی دەڵێت، بە دەیان کۆمپانیا لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە ڤاکسین هاوردە دەکەن کە بەشێکی ئەو ڤاکسینانە هیچ کاریگەرییەکیان نییە، داواش دەکات دەزگایەکی نیشتمانی ئەم ڤاکسینە هاوردە بکات و لەدەست کۆمپانیاکان بهێنرێتە دەرەوە.
 
عوسمان جەمال گوتی: "دەبێ دەزگایەکی نیشتمانی و لیژنەیەکی باڵا سەرپەرشتی ڤاکسینی ئاژەڵ بکات، کەچی ئێستا دەیان کۆمپانیا و هەرکەسە و لای خۆی ڤاکسین هاوردەدەکات کە بەشێکیان هیچ کاریگەرییەکیان نییە".
 
بە گوتەی ئەو مامۆستایە: "پێویستە حکومەت رێگە بە کۆمپانیاکان نەدات ڤاکسین هاوردە بکەن و هەر لە رێگەی خۆیەوە ڤاکسینی ئاژەڵ بهێنرێت و لە هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت".
 
هەژار عەبدوڵڵا، خوێندكاری زانستی خۆراك ‌و كۆنترۆڵی ‏جۆری شەهیدانی ‏زەرگەتەش پێیوایە ئاژەڵە خۆماڵییەکانیش کە لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، بەهۆی جۆری ئەو ئالیکەی پێیان دەدرێت، تەندروست نین.
 
وەکو هەژار عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدەدات: "لە هەموو وڵاتان، ئاژەڵی خۆماڵی گۆشتەکەی لە هەموو ئەو گۆشتانە سەلامەتترە کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئاژەڵی خۆماڵیش ئەو مەرجە تەندرووستییانەی تێدا نییە. توێژینەوەمان کردووە لەسەر ئەو ریقنەیەی دەدرێت بە ئاژەڵ و دەرکەوتووە پێدانی ئەم ریقنەیە بۆن و تامی گۆشتی ئاژەڵەکە دەگۆڕێت".
 
بەگوتەی هەژار عەبدوڵڵا: "لە کوردستان بەدەر لە ریقنە، پەلەوەری مردارەوەبووش جارێکی دیکە بەکاردەهێندرێتەوە و دەدرێت بە ئاژەڵ و ماسی. کارگەی نهێنی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە مریشکی مردارەوەبوو و لە هەباشە دەدات و دەیکاتەوە بە ئالیک، کە ئەمەش لەڕووی تەندرووستییەوە کارێکی مەترسیدارە".
 
گرانی نرخی گۆشت
 
سەرباری کواڵیتییەکەی، لەماوەی ساڵێکدا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان چوار بۆ پێنج هەزار دینار گرانبووە.
 
حەكیم رەحیم، گۆشتفرۆش ‌و شارەزا لە بواری سامانی ‏ئاژەڵ دەڵێت: "خەڵک هەیە بەهۆی گرانی نرخەکەی، لە مانگێکدا توانای کڕینی کیلۆیەک گۆشتی هەیە و کاتێک ئەو کیلۆ گۆشتە دەکڕێت و دەیباتەوە ماڵەوە، گۆشتەکە بۆنی ناخۆشی لێدێت، بۆیە ناچار دەبێت فڕێی بدات".
 
بەگوتەی حەکیم رەحیم: "پار گۆشتی بەرخ کیلۆی بە 16 بۆ 17 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ  19 بۆ 20 هەزار دینارە".
 
شاڵاو عارف، سەرۆكی رێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ‏ژیانیش لەبارەی هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی گۆشت گوتی: "بەشێکی پەیوەندی بە گرانبوونی ئالیک و زیندە قەپانەوە هەیە. مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، زیندە قەپان بە 5 هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە حەوت هەزار و 700 دینار، ئالیکیش ئێستا بە 700 دۆلارە".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە