لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تەقینەوەیەک روویدا

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و بەهۆیەوە هاونیشتمانییەک بریندار بوو.

رۆژی دووشەممە 27ی شووباتی 2023 سەرچاوە خۆجێییەکان لە رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، لە گەڕەکی کەلاسی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە.

مەحموود عۆجێ، دانیشتووی گەڕەکەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژنێک بەهۆی تەقینەوەکەوە بریندار بووە. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیییەکان، ئەو ژنەی بریندار بووە تەمەنی 70 ساڵە.

ئەو هاووڵاتییەی گەڕەکەکە گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە چوونەتە شوێنەکە و ئێستا هاتن و چوون لە گەڕەکەکەدا ئاسایی بووەتەوە.

لە ئایاری 2022 دا ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ڤان لەبەردەم باڵەخانەی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەمان گەڕەکی رۆژئاوای شاری حەسەکە تەقییەوە.