ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 4 شاری پارێزگای سنە

رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سنەوە راگەیێندراوە بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە پەسند نەکراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 4 شاری پارێزگای سنە یەکلایی بووەتەوە و هەڵبژاردن لە مەریوان و سەوڵاوا دەچێتە قۆناخی دووەمەوە.

عەلی موحەممەد مورادی بە 39 هەزار و 202 دەنگ بە نوێنەری شارەکانی قوروە و دێگولان هەڵبژێردرا.

موحسێن بیگلەری بە 58 هەزار و 678 دەنگ بە نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا.

حەمدوڵڵا کەریمی بە 15 هەزار و 919 دەنگ بە نوێنەری شاری بیجاڕ هەڵبژێردرا.

لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا مەنسوور مورادی و ئومید کەریمیان دەنگی یەکەم و دووەمیان هێناوە و بەو شێوەیە هەڵبژاردن لەو شارانە دەچێتە قۆناخی دووەم.

ئەنجامی شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەکان سەید مەهدی فەرشادان براوەی یەکەمە و سەید ئەحسەن عەلەوی کەسی دووەمە کە دەگوترێت ئەگەری هەیە هەڵبژاردن لەو شارانە بچێتە قۆناخی دووەمەوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سنە، 604 هەزار کەس لەو پارێزگایە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە.

بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە پارێزگای سنە 1 ملیۆن و 161 هەزار و 537 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، لەو پارێزگایەدا هەزار و 197 بنکەی دەنگدان كرابوونەوە.