پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی هەولێر راگیراوە

27-01-2025
ئارێز خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی هەولێر راگیراوە و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بەردەوامە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە سەرچاوەیەکی باڵای لقی هەولێری بانکی TBI وەریگرتووە، زیاتر لە 10 رۆژە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگیراوە.
 
بە قسەی سەرچاوەکەی رووداو، هۆکارەکە ئەوەیە کە دۆلار لە بانکەکە نەماوە و چاوەڕوان دەکەن لە بەغداوە دۆلاریان بۆ بێت و بیدەن بە گەشتیاران.
 
لقی بەغدای بانکی TBI دوو جۆر دۆلار دەداتە لقەکانی لە هەرێمی کوردستان؛ یەکێکیان بۆ ئەوانەیە هەژماری بانکییان لە بانکەکە هەیە و ئەوی دیکەش بۆ گەشتیارانە.
 
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، بەشی دۆلاری گەشتیاران نەماوە و چاوەڕێی هاتنی دۆلار دەکەن.
 
لە ماوەکانی رابردوودا بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بڕی 3000 دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بداتە گەشتیاران، کە دۆلار بە 132 هەزار دینار بۆ گەشتیاران هەژمار دەکرێت، ئەویش دوای ئەوەی گەشتیاران دەبێت رۆژێک پێش گەشتەکەیان بەڵگەنامەی گەشتکردن و بڕی پارەکە بە دینار لە یەکێک لە لقەکانی بانکی TBI دابنێن، رۆژی گەشتەکەیان لە فڕۆکەخانە 3000 دۆلارەکە وەردەگرن.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاساییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە بەراورد بە فڕۆکەخانەی هەولێر، گەشتیار لە سلێمانی کەمترە و دۆلاری گەشتیاران ماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە