کوردستان
وێنەی کوژراو (لای راست) و ئەو کەسەی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکراوە (لای چەپ)، گرافیک: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "بکوژ"ـی گەنجەکەی رانیە لە گوندێک دەستگیرکرا، لەکاتێکدا لەهەوڵدابوو بچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لە ئەنجامی شەڕێکدا، بەرەبەیانیی دوێنێ (یەکشەممە، 26-1-2025)، لە گەڕەکی شەهیدانی رانیە چوار گەنج بە گوللـە بریندار بوون و یەکێکیان دواتر گیانی لەدەستدا.
کوژراوەکە ناوی ژیناڵ ئیبراهیم کەریمە، لەدایکبووی ساڵی 2004ـە و ئەندامی دژەتیرۆر بووە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند 'بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکە کرد و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێر بکوژەکەیان دەستگیرکرد."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی زانیاریی لەبارەی تۆمەتباری کوشتنی ژیناڵ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، "ناوی (م.م.ئـ.)ـە، لە گوندی (زهنگڵان) لە پشدەر لەلایەن ئاسایشی راپەڕین دەستگیرکرا. لەکاتێکدا لەهەوڵی دەربازبوونیدا بووە بۆ ئەودیو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان."
تۆمەتبار بە ماددەی ( 406) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە. ئاسایش دەڵێ "دانی بە تاوانەکەیداناوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەیدا بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ