رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین رایگەیاند، لە سنووری راپەڕین بەهۆی بۆردوومانێکەوە کە لە رێگەی دۆرنەوە کراوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندارە.
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، دەرو قادر گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: " لە سنووری چوارقورنە درۆنێک ئۆتومبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندگرۆزی بۆردوومان کردووە، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە."
بۆردوومانەکە لە بەردەم چێشتخانەیەکی گوندی گردجان بووە، لەسەر دووسایدی چوارقوڕنە - خەلەکان.
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین دەڵێت: "تائێستا ناسنامەیان دیار نییە، پشیکنینیان بۆ دەکرێت بۆ ناسینەوەیان."
هەروەها عەمید مستەفا رەسووڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت: "کەسێک ماتۆڕسواربووە ئەو کاتە بەوێدا رۆشتووە کە ئاگری گرتووە ئەویش بریندارە، بەڵام برینەکەی سووکە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دووانیان ئافرەتن و دووانەکەی دیکەش پیاون و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە سلێمانییە."
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن
شایەتحاڵێک کە بە گوتەی خۆی 50 مەترێک لە شوینی رووداوەکە دووربووە، بە رووداوی راگەیاند: "دوو لە قوربانیان لە ئەنجامی بۆردوومانەکە پارچە پارچە بوون. شوفێری ئۆتۆمبێلەکەش سووتا."
ئەو شایەتحاڵە گوتیشی: "گوێمان لە دەنگێکی بەرز بوو، درۆنێکمان بینی، سەرەتا رۆیشت و دواتر جارێکی دیکە گەڕایەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ