رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک لە کاسبکارانی بازاڕی جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان چوونە بەردەم قایمقامییەتی ئەو شارە و دەڵێن، کەلوپەلەکانیان لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
کاسبکاران دەڵێن، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی پۆلیسی شاری جوانڕۆ دەستیان بەسەر بەشێک لە کەلوپەلەکەیاندا گرتووە و ئاماژە بەوەش دەکەن، بەشی زۆری ئەو کەلوپەلانە کۆڵبەرەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بردوونیانەتە شارەکە.
هاونیشتمانییەک ئەمڕۆ شەممە، 27-1-2023، لە شاری جوانڕۆوە بە رووداوی گوت، "ئەو کەلوپەلەی لە سنوورەکانەوە دێتە جوانڕۆ لەزگەیەکی لێدەدرێت کە بە مانای ئەوەیە باجی لێوەرگیراوە و ئیدی نابێت دەستی بەسەردا بگیرێت، بەڵام پۆلیس بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە دەکات".
بەر لە ناڕەزایەتییەکەی کاسبکارەکان، کۆمەڵێک لە ریشسپی، کەسایەتییە دیارەکان و کاسبکارانی جوانڕۆ لە راگەیێندراوێکدا داوایان لە پۆلیس کرد، بە گیانی لێبووردەیی لەگەڵ کاسبکاراندا مامەڵە بکات و دەستبەسەر کەلوپەلی خەڵکدا نەگرێت.
کەسایەتییەکانی جوانڕۆ لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن، "بەشی زۆری گەنجانی جوانڕۆ لە رێگەی کۆڵبەری و بەشێکی زۆری دووکاندار و کاسبکارانیش داهاتیان لە رێگەی بازاڕچەی ئەم شارەوە دابین دەبێت، بەڵام ماوەیەکە لە دیوی عێراقەوە بەرەنگاری کۆڵبەرەکان دەبنەوە و ئێستا لەنێو شاریشدا بەرەنگاری کاسبکاران دەبنەوە".
بازاڕچەی جوانڕۆ زیاتر ئەو کەلوپەلانەی تێدا دەفرۆشرێت کە لە سنوورەکانەوە کۆڵبەرەکان دەیانبەنە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو کەلوپەلانە لەو بازاڕەدا بەراورد بە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەرزانترن. ئەوەش جموجووڵێکی زیاتری بە جوانڕۆ داوە.
لە ناڕەزایەتییەکانی پاییزی ساڵی 2022یشدا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوشاریان خستەسەر کاسبکارانی بازاڕی جوانڕۆ و رێگەیان نەدەدا هیچ کاڵا و کەلوپەلێک لەو شارە ببرێتە دەرەوە.
لەو پەیوەندییەدا ئارش لهۆنی، نوێنەری جوانڕۆ و هەورامان لە گوتەیەکدا رۆژی 20.02.2023 لە پەرلەمانی ئێران، داوای لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کرد "پێداچوونەوە" بە بڕیاری دانانی خاڵی پشکنین لە دەروازەکانی شاری جوانڕۆدا بکەن و "بڕیار بدەن خاڵەکانی پشکنین لاببرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ