زانیاری لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز

رووداو دیجیتاڵ 

دوو رۆژ دوای هێرشەکەی شەوی پێنجشەممە (25-01-2024) سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هەناردە و بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە دەستیپێکردەوە.

دەیان شۆفێر لەگۆڕەپانی بەردەم کێڵگەکە لەنۆرەدابوون، بۆ ئەوەی سووتەمەنیی بەرهەمهاتووی نێو کێڵگەکە بگوازنەوە.
 
هیوا یاسین، یەکێکە لەو شۆفێرانە، بە رووداوی گوت، "ئێستا هیچ کێشەیەک نەماوە و دەستمان بە بارکردن کردووەتەوە و نزیکەی کاژێرێکی دیکە نۆرەماندێت و دەچێنە ژوورەوە بۆ ئەوەی سووتەمەنی بگوازینەوە."
 
سامان مەجید، شۆفێرێکی دیکەیە دەڵێت، "بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم کارەیە، ئەم تەنکەرە بژێوی دوو خێزانی لەسەرە و تەنکەری دیکە هەیە بژێوی سێ خێزانی لەسەرە، بۆیە بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز دڵخۆشین."
 
پاش دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لەکێڵگەی کۆرمۆر، هەموو ئەو کارەبایەی لە دەستی سەنتەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان چووبوو، بۆیان گەڕایەوە.
 
ئازان جەمال، ئەندازیار لە کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستانە رایگەیاند، "نزیکەی 60%ـی بەرهەمی کارەبامان لەدەستچوو کە دەکەوێتە وێستگەکانی بازیان، هەولێر و سلێمانی، چونکە ئەم وێستگانە سەرچاوەی سەرەکییان گازی کۆرمۆربوو."
 
لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکەی کارگێڕی چەمچەماڵ سەردانی کێڵگەکەیان کرد، جەختیان لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز بە هەمان بڕی پێش هێرشەکە کردەوە.
 
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"بەرهەمهێنانی گاز 500 ملیۆن پێسێجایە رۆژانە، کە 2800 مێگاوات کارەبای پێ بەرهەمدێت، هەروەها 1100 تۆن گازی ماڵان بەرهەمدێت، کە هەمووی لە خزمەتی هاونیشتمانییانە."
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێرشەکە رانەگەیێندراوە و ئەو لیژنەیەش کە بڕیاربوو حکومەتی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە پێکیبهێنێت تاوەکو ئێستا سەردانی کێڵگەکەیان نەکردووە.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە دەجار و لە ساڵی 2024 دا یەکەمجارە هێرش بکرێتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام کۆتا جار جیاوازتر لەجارەکانی دیکە هێرشەکە کاریگەری هەبوو، نزیکەی 24 کاژێر بەرهەمهێنانی لەکێڵگەکە راگرت و بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەباشی کەمکردەوە، هەربۆیە لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەی زیاتری بەراورد بە هێرشەکانی پێشتر دروستکرد