رووداو - کەرکووک
پۆلیسی کەرکووک بکوژی شۆفێری ئەو تەکسییەی کە 18ـی ئەم مانگە تەرمەکەی لەسنووری ناحیەی قەرەهەنجیر فڕێدرابوو، دەستگیرکرد.
لیوا کاوە غەریب فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو کەس بەتۆمەتی کوشتنی رەحیم میرزا خورشیدی تەمەن 72 ساڵ دەستگیرکراون."
هەروەها پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "بکوژەکان لە سلێمانی و بە هاوکاریی ئاسایشی کەرکووک دەستگیرکران، دوای دەستگیرکردنیان دانیان بە تاوانەکەدا ناوە."
لەبارەی ئەوەی ئایا بکوژەکان دەنێردرێنەوە کەرکووک یاخود لە سلێمانی دەمێننەوە، پۆلیسی کەرکووک گوتی، "بڕیارە تۆمەتبارەکان رادەستی پۆلیس و دادگەی کەرکووک بکرێنەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 18-01-2024، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەرەهەنجیر بە رووداوی راگەیاند، "تەرمی پیاوێک لە ناحیەی قەرەهەنجیر دۆزراوەتەوە و کوژراوەکە ناوی رەحیم میرزا خورشیدە کە پیشەی شۆفێری تەکسییە و تەمەنی 72 ساڵە."
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس گوتیشی، "کوژراوەکە ئۆتۆمبێلەکەی دزراوە و گومان دەکرێت هەر لەشوێنی رووداوەکە تەقەی لێکرابێت."
فاتیح رەحیم، برا گەورەی کوژراوەکەیە بە رووداوی گوت، "رەحیمی برام، خۆی و هاوسەرەکەی لەماڵێکدا دەژین و سێ کوڕ و کچێکی هەیە، خۆی خانەنشینە، بەڵام ناو بەناو کاری تەکسی کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ