وەزارەتی ناوخۆی عێراق گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لە سنووری ناوچەکانی مادەی 140 راگرت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری راگرتنی سەرجەم مامەڵەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی دا بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی مادەی 140ـی دەستوور دەیانگرێتەوە. پەرلەمانتارێکی  کوردیش رایگەیاند، "بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین و بڕیارەکە سەرجەم مامەڵەکانی پێشووش دەگرێتەوە و دەبێت بگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان."
 
رۆژی هەینی 27-1-2023، سۆزان مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە و هەموو ئەو مامەڵانەی بۆ گواستنەوەی باری شارستانی دەکرێت رادەگیرێت و ئەوانەشی پێشتر کراون هەڵدەوەشێنرێنەوە، پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەین و داوا دەکەین ئەگەر پێشێلکارییەک لە هەر شوێنێک کرابێت ئاگاداربکرێینەوە."
 
سۆزان مەنسوور گوتیشی: "پێشتر سکاڵایەکی زۆرمان بۆ دەهات و ئێمەش وەکو نوێنەرانی ئەو ناوچانە هەوڵی زۆرمان داوە بۆ راگرتنی ئەو رێوشوێنە و سەردانی چەندین وەزارەت و فەرمانگەمان کردووە و دواجار ئەو بڕیارە دەرچوو."
 
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی پارێزگای دیالە و هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی لە کەرخ و رەسافەش کراوە، داوا کراوە هەموو رێکارەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناوچەکانی مادەی 140 رابگیرێت. 
 
ژمارەی نووسراوەکە 2015ـە و لە رۆژی 15-1-2023، بەناونیشانی "گواستنەوەی دۆسیەی هاووڵاتییان بۆ ناوچەکانی مادەی 140ـی دەستووری عێراق"دەرچووە و جەختکردنەوەیە لە جێبەجێکردنی نووسراوێکی دیکە کە 16-11-2022 دەرچووە.
 
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی لیوا ریاز جوندی کەعبی، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی لەسەرە و تێیدا هاتووە، "تایبەت بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییانەی کە دۆسیەکانیان بە ئەلیکترۆنی کراوە لە ناوچانەی حوکمەکانی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە و ژمارەی نیشتمانییان پێ دەرچووە و زانیاریی بایۆمەترییان جێگیرنەکراوە، فەرمان کراوە بە فەرمانگەکانی باری شارستانی بەگێڕانەوەی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییانە و هاوشێوەیان بۆ فەرمانگەکانی باری شارستانیی پێشوو، تاوەکو بابەتی مادەی 140ـی دەستوور یەکلایی دەکرێتەوە."
 
لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، هێرش و هەڕەشەی میلیشاکان بۆ سەر گوندە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بەشێوەیەک هەڕەشەکان لە شنگال و سحێلاوە دەستپێدەکات تاوەکو کەرکووک و خانەقین و زۆرجاریش ئەو گرووپانە و سوپای عێراقیش پشتیوانی لە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە دەکەن بۆ چوونە سەر کوردەکان و هەڕەشەکردن لێیان و هەڵکوتانە سەر ماڵ و بەرژەوەندییەکانیان.
 
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە. بەپێی لیژنەی مادەی 140ی دەستووری عێراق کە لیژنەیەک بوو بۆ چارەسەرکردنی خاوەندارێتیی ناوچە کێشەلەسەرەکان دامەزرا، سنووری ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە زیاتر لە 15 قەزا و 20 ناحیەن.
 
مانگی ئاداری 2022، سۆزان مەنسوور لە نووسراوێکدا داوای لە وەزیری ناوخۆی عێراق کرد هەوڵەکانی سەرلەنوێ تەعریبکردن لە خانەقین و دەوروبەری رابگرێت.
 
سۆزان مەنسوور لەوبارەیەوە بە رووداوی راگەیاندبوو، "ئێستا رۆژانە چوار بۆ پێنج ماڵ داوای گواستنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ خانەقین دەکەن، لە بەرامبەریشدا بەهۆی هەڕەشەکانەوە کورد لە خانەقین کەوتووەتە ژێر مەترسی."