مێرمنداڵێک لە کەسنەزان چوار رۆژە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و بێسەروشوێنە

27-01-2023
پەیمان محەممەد
ئەو مێرمنداڵە جارێکی دیکەش ون بووە
ئەو مێرمنداڵە جارێکی دیکەش ون بووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ کە دانیشتووی ناحیەی کەسنەزانی سەر بە شاری هەولێرە، چوار رۆژە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. باوکی دەڵێت: ''کوڕەکەم پەرکەمی هەیە" داواش لە پۆلیس و ئاسایش دەکات هاوکاربن بۆ دۆزینەوەی.
 
ئەو مێرمنداڵە ناوی ئەیوب ئەحمەدە، لە رۆژی 24ـی ئەم مانگە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. رۆژی هەینی 27-01-2023، ئەحمەد سەعدوڵڵا، باوکی ئەیوب بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "ئەیوب لە کاژێر یەکی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە، تاوەکو ئێستاش نەگەڕاوەتەوە.''  گوتیشی کوڕەکەی پەرکەمی هەیە و ئەوە دووەمجارە ون دەبێت، "بەڵام جاری یەکەم دوای چەند کاژێرێک خۆی گەڕایەوە ماڵەوە."
 
لە یەکێک لە کامێراکانی چاودێری وا دەرکەوتووە کە مێرمنداڵەکە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و بە ئاراستەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر رۆیشتووە، بەڵام کەسوکارەکەی دڵنیانین بەتەواوی لەوەی ئەو کەسەی لە کامێراکە دەرکەوتووە، ئەیوب بێت، بۆیە داوای هاوکاریی زیاتر لە هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵیان بن تاوەکو بتوانن سەیری کامێراکانی چاودێری بکەنەوە.  
 
باوکی ئەیوب گوتی، "لێرە زۆر کەس کامێرای چاودێرییان هەیە، بەڵام سەیری ناکەنەوە و دەڵێن دەبێ لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراو بێت. ئەم رۆتیناتە دەبێ کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بیدۆزینەوە.''
 
مامێکی ئەیوبیش قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، دۆخی ئەو خێزانە خراپە بە دیارنەمانی منداڵەکەیان، "دایکی کاژێر دووی شەو هەڵدەستێت و دەڵێت، بۆنی دەکەم، بۆ دیار نییە... ئێمە هەموومان جەرگمان سووتاوە، پێویستە زووتر بە هانامانەوە بێن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە