ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان: مرداربوونی باڵندەکانی زرێبار نائاساییە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان رایگەیاند، هەندێک لە باڵندەکانی دەریاچەی زرێبار بەشێوەی "نائاسایی" مرداربوون و داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە هۆکارەکەی روون بکەتەوە.
 
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان دەڵێ بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە لەم رۆژانەدا بۆ بارودۆخی دەریاچەی زرێبار کردوویانە دەرکەوتووە هەندێ جۆری باڵندەکانی ئەم دەریاچەیە بەشێوەیەکی "نائاسایی " مرداربوون.
 
ئەو رێکخراوە ژینگەپارێزە، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە زووترین کات هۆکاری مرداربوونی باڵندەکانی زرێبار روون بکەنەوە و لاشە باڵندە مرداربووەکان کۆبکەنەوە، چونکە ئاژەڵانی دیکە لە گۆشتەکانیان دەخۆن و ئەمەش مەترسی هەیە.
 
لەم رۆژانەدا بەهۆی بارینی بەفری زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرماوە، دەریاچەی زرێبار بەستوویەتی و ئەو باڵندانەی کە بۆ دابینکردنی خۆراک پشت بە دەریاچەکە دەبەستن، خۆراکیان دەستناکەوێت.
 
لە دەریاچەی زرێباردا زیاتر لە 31 جۆر باڵندەی خۆماڵی و کۆچەری دەژین. لەو ژمارەیە 14 جۆریان باڵندەی خۆماڵین.