پلاتفۆڕمی زمانی کوردی: وانەی بژاردە دەرگە لەبەردەم پەروەردە بە زمانی دایک واڵا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

پلاتفۆڕمی زمانی کوردی رایگەیاند، پەروەردە بە زمانی دایک ئامانجی سەرەکییانە، بەڵام پێویستە وەک دەستکەوت تەماشای وانەی بژاردە بکرێت. 
 
نوێنەرایەتی پلاتفۆڕمی زمانی کوردی لە مێردینی باکووری کوردستان لەبارەی هەڵبژارنی وانەی زمانی کوردی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "تاوەکو رۆژی 7ی شووباتی داهاتوو دەرگە واڵایە لەبەردەم دەستنیشانکردنی وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا". 
 
پلاتفۆڕمی زمانی کوردی دەڵێ، پێویستە زمانی کوردی زمانی پەروەردە بێت، هەرچەندە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە کوردی ببێتە زمانی پەروەردە، بەڵام وەک هەنگاوی یەکەم لە دەستنیشانکردنی وانەی بژاردەدا، پێویستە هەموو کوردێک وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرێت. ئەگەر کورد ئەم هەلە بەباشی بقۆزێتەوە، ئەوا لە داهاتوودا دەرگە لەبەردەم پەروەردە بە زمانی کوردی واڵا دەکات. 
 
پلاتفۆڕمی زمانی کوردی لە راگەیێندراوەکەدا داوای لە سیاسەتڤانانی کورد کرد بە کوردی سیاسەت بکەن و داوای لە هاونیشتمانیان کرد خۆیان بە خاوەنی زمانی کوردی بزانن، لە نێو ماڵەکانیاندا و لە شەقام و بازاڕدا بە کوردی قسە بکەن.