ژنە ئاوارەیەك خۆی دەسووتێنێ

رووداو- كەركووك

خێزانەكەی سوعاد بە هەڵاتنیان لە سایە و دەسەڵاتی داعش، دەیانویست لە ژیانێكی ئارامدا بژین، بەڵام ترسی داعش وەكو مۆتەكەیەك لێیان جیانەدەبووەوە، سوعاد بەردەوام بیری لەو رۆژانە كردووەتەوە كە لەبن دەستی داعش بەسەریان بردبوو، بۆیە مێردەكەی دەڵێت بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشیی دەروونیی بووە و خۆی سووتاندووە.

سوعاد محەممەد، تەمەن 39 ساڵ، دایكی سێ‌ منداڵ، كاژێر 1:30 شەوی 15/1/2017 لەنێو كەمپی لەیلانی دوو لە نزیك شاری كەركووك خۆی سووتاند و دوای دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی كەركووك، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەیەوە گیانی سپارد.

عەقید عەبدولفەتاح جەلال، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی لەیلان بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو ژنە 90%ی جەستەی سووتابوو. سەبارەت بەهۆكاری خۆسووتاندنەكەشی هاوژینەكەی بە پۆلیسی گوتووە بەهۆی مانەوەیان لە ژێر دەستی داعش ژنەكەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، بەو هۆیەوە خۆی سووتاندووە.

سوعاد، پێشتر لە شارۆچكەی حەویجەی سەر بە شاری كەركووك ژیاوە. حەویجە لە هاوینی 2014ەوە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە داگیركراوە، بەڵام ئەو خێزانە تەنیا مانگێك بوو خۆیان لە چنگی داعش رزگار كردبوو. ئەوان لەگەڵ هەزاران خێزانی دیكەی ئاوارە كە زۆربەیان بەمدواییە لە حەویجە هەڵاتوون، لە كەمپی لەیلان نیشتەجێ كراون.

سەباح محەممەد، برای سوعاد بە (رووداو)ی گوت، ئەو كاتەی لە حەویجە ژیاون، خوشكەكەی چەندین كردەوەی توندوتیژی داعشی بەچاوی خۆی بینیوە و ئەوەش كاریگەری لەسەر دەروونی جێهێشتووە. سەباح گوتی "رۆژێك لە حەویجە منداڵەكەی چووەتە دەرەوە و ویستوویەتی بیهێنێتەوە، بەڵام لە دەرەوە بینیویەتی داعش چۆن خەڵكیان كوشتووە و ئازاریان داون، سوعاد بە بینینی ئەو دیمەنانە شڵەژابوو، زۆرجار لە ناكاو لە خەو رادەپەڕی و دەیگوت ئەو دیمەنانەم لەبەر چاو ون نابن".

بە گوتەی سەباح، هەرچەندە خوشكەكەیان باری دەروونی باش نەبووە، بەڵام هیچ كاتێكیش باسی خۆكوشتن و خۆسووتاندنی نەكردووە. سەباح گوتی "ئەو كاتەی خۆی سووتاند، شەو درەنگ بوو هەموومان خەوتبووین، بەهۆی رووداوەكەوە خەبەرمان بووەوە".

توێژەرانی دەروونی دەڵێن رەفتاری توندوتیژ كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەڵسوكەوت و دەروونی ئەو كەسانە دەبێ‌ كە دیمەنەكە دەبینن، بۆیە دەڵێن زۆربەی ئەو كەسانە پێویستیان بە راهێنانی دەروونی هەیە تاوەكو لەبیری دەكەن، ئەگینا دوور نییە رووداوی هاوشێوەی خۆسووتاندنی سوعاد لە نێو ئاوارەكاندا چەندبارە ببێتەوە.

عەقید عەبدولفەتاح جەلال، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی لەیلان هۆشداریدا لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی دیكەی لەو شێوەیە لە كەمپە تازەكە و گوتی "ئەوانەی لەنێو داعش هەڵدێن بەگشتی باری دەروونییان باش نییە، لەبەرئەوە دەبێت لە هەموو رووەكانەوە و بەتایبەتیش لایەنی دەروونی هاوكاریی زیاتر بكرێن، ئەگینا حاڵەتی دیكەی خۆكوشتن دووبارە دەبێتەوە".

ئۆفیسی كەركووكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە بەهاوكاری بەریتانییەكان پڕۆژەیەكیان بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ 600 ژنی كەركووك و ئاوارەكان جێبەجێ كردووە.

سروود ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی كەركووكی كۆمەڵەی ئەمەل بە (رووداو)ی راگەیاند، بەو پڕۆژەیە توانیویانە خزمەتێكی باشی ژنانی كەمپەكان بكەن، چونكە دوای هۆشیاركردنەوەی بەشێك لەو ژنانە، ئێستا هەر ئەو ژنانە، ژنانی دیكەی نێو كەمپەكان هۆشیار دەكەنەوە و گوتی "زۆر گرنگە بە حكومەتی عێراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پڕۆژەی هەمەجۆر بەتایبەتیش ئەو پرۆژانەی پەیوەندییان بە هێوكردنەوەی دەروونیی ئاوارەكانەوە هەیە، بكەنەوە، چونكە ئاوارەكان بەهۆی مانەوەیان لە ژێر دەستی داعش باری دەروونییان زۆر خراپە".