نێچیرڤان بارزانی: بەغدا بە هەمان عەقڵییەتی رژێمەكانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات

رووداو – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی دووجار لەم مانگەدا سەردانی بەغدای كرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ رایگەیاند "هێشتا بەغدا بە هەمان عەقڵییەتی رژێمەكانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات".

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆبووەوەو مەبەستی كۆبوونەوەكە باسكردنی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا بوو لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوت و پێشمەرگەو بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی كۆبوونەوەكەوە رایگەیاند، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای كۆبووەنەوەكەدا وتارێكی پێشكەشكردووەو تێیدا سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و فرۆشتنی، هەموو ئەو هەواڵانەی رەتكردووەتەوە كە باس لە هەرزانفرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن و گوتوویەتی "نەوتی هەرێمی كوردستان یەك قەترەی بە هەرزان نەفرۆشراوەو بە ستانداردی جیهانی دەفرۆشرێ".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی دۆخی ئێستای بە ساڵی 2005 چواندووە، كاتێك سەركردەكانی كورد ماوەی 5 مانگ لە بەغدا مابوونەوە بۆ نووسینەوەی دەستوور‌و گوتووشیەتی "مامەڵەی حكومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەمان مامەڵەی رژێمەكانی پێشووە".

لە كۆبوونەوەكەدا وەك پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، سەرجەم فراكسیۆن و لایەنە كوردییەكان ئامادەن ‌و گفتۆگۆیەكی كراوە لەنێوان سەرۆكی حكومەت ‌و وەزیرانی سامانە سروشتییەكان ‌و پێشمەرگە‌و نوێنەرانی كورد بەڕێوەدەچێ.