رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بە رۆژ هەواڵی دانوستاندنەکانی دیمەشق بۆ حکومەتی داهاتووی سووریا گەرمتر دەبن. تاوەکو ئێستا کوردی رۆژئاڤا لەسەر شاندێکی هاوبەش رێکنەکەوتوون. سەرۆکی ئەنەکەسە دەڵێ: "کۆبوونەوەیەکمان کردووە و ئەنجامی نەبووە، بەڵام مادام کۆبوونەوە هەیە، کەواتە ئەنجامیش دەبێت."
هێزە کوردییەکانی رۆژئاڤا بەسەر دوو بەرەی سەرەکی دا دابەش بوون، پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) لەلایەک و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کە چەتری چەند حیزبێکە، لەلایەکی دیکە. ئەوان چەندین خاڵی ناکۆکیان هەیە، بەڵام لە راگەیێندراوەکانیاندا کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێ کورد یەک نوێنەری لە شام هەبێت.
سەرۆکی ئەنەکەسە: دەیان خاڵی ناکۆکمان لەگەڵ هەسەدە هەیە
سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەسەدە ئەنجامی نەبووە، بەڵام مادام کۆبوونەوە دەکرێت واتە کار دەکرێت و ئەنجامیش دەبێت."
سەرۆکی ئەنەکەسە پێداگری دەکات لەسەر مکوڕبوونیان لەسەر رێککەوتن و دەڵێ: "هێزی نێودەوڵەتیش لەگەڵ هەردوولامان کۆدەبنەوە و هەوڵی لێکنزیککردنەوەمان دەدەن."
بە گوتەی سلێمان ئۆسۆ، دەیان خاڵی ناکۆک لەنێوان هەسەدە و ئەنەکەسە هەن، "بەڵام گفتوگۆ دەکەین و نابێ یاریی بە سۆزی میللەتەکەمان بکەین و دەبێ واقیعی بین."
کوردانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا چاوەڕێی یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکانن؛ نوێنەرێکی ئەنەکەسە: بۆ یەکبوون دەبێ دەستی قەندیل لە رۆژئاڤا دەربهێنرێت pic.twitter.com/7dr47qe2Om
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 23, 2024
مەسەدە: بێ ئەنجامی دانوستاندنی کوردی- کوردی هۆکارێکە بۆ پێکنەهێنانی شاندی هاوبەش
ئەفرام ئیسحاق، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)یە و عەرەبە. قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "هۆکارگەلێک هەن کە وایانکردووە شاندی یەکگرتوو پێکنەهێنرێت، دیارترینیان هۆکاری ئەمنی و سەربازی لە ناوچەکە، هەروەها نەبوونی ئەنجامی دانوستاندنی کوردی- کوردی لەنێوان برا کوردەکانمان هۆکارێکی دیکەیە."
ئەفرام ئیسحاق ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا و فەرەنسا کار لەسەر دیالۆگەکان دەکەن و پرسی کوردی- کوردی لای ئەوان سەرەکییە.
سلێمان ئۆسۆ: دانوستاندن لەسەر شاشەی تیڤی لێکمان دووردەخاتەوە
سەرۆکی ئەنەکەسە لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو باسی لەوەکرد، "نامانەوێ دانوستاندن لەسەر شاشەی تیڤی بکەین، ئەمە زیاتر دوورمان دەخاتەوە. پێش هەموو شت دەبێ لێدوان بۆ راگەیاندن رابگرین و دواتریش رێکدەکەوین."
لەبارەی سوپای داهاتووی سووریاش گوتی: "دەبێ سووریا سوپایەکی یەکگرتووی هەبێ، بەڵام دەبێ تایبەتمەندیی رۆژئاواش بمێنێت و پۆلیسەکانمان خۆجێی بن و خەڵکی ناوچەکە بن."
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش گوتی: "گفتوگۆکان بەردەوامن و پشت بەخوا ئەنجامیان دەبێت، کۆبوونەوەیەکمان کردووە و ئیرادەیەک هەیە بۆ رێککەوتن."
هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ چوونە نێو سوپای سووریا دەربڕی
رۆژی چوارشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای نزیک لە هەسەدە بڵاویکردەوە، فەرهاد شامی، بەڕێوبەری سەنتەری راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای بەریتانیای راگەیاندووە، ئامادەن ببنە بەشێک لە سوپای سووریا. دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە هاوشانە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ رێکخستنی هێزەکانی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا."
ئەو گوتانەی شامی دوای ئەوەدێن کە 24-12-2024، میدیای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە کۆبوونەوەیەکدا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، رازیبوون بچنە ریزی سوپای سووریا.
شامی: چالاکییەکانی پەکەکە لە تورکیان
شامی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشوازی لە هەموو چارەسەرێکی ئاشتییانە دەکەن، بەڵام ئامادەکاریی پێویستیشیان بۆ شەڕ کردووە، بەتایبەت دژی ئەو گرووپە چەکدارانەی بە نزیک لە تورکیا دادەندرێن. جەخت لەوەش کردەوە، "تورکیا دەیەوێت رووبەری زیاتر لە خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکات و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش بە تووندی دژی ئەوەن."
سەبارەت بە پەکەکە، شامی گوتی، چالاکییەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیادان و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نییە.
پەدەکەسە: دەبێ رێڤەبەری خۆسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت
هۆرۆ عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردە لە سووریا، کە بە پەدەکەسە ناسراوە و پارتێکە لەنێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە. لەبارەی یەکدەنگی کوردەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێککەوتن و یەکدەنگی کورد، داواکاریی ئەنەکەسە نییە، ئەوە داوای هەموو کوردە."
هۆرۆ عوسمان بە پێویستی دەزانێت، ئیدارەی خۆسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت.
هۆرۆ عوسمان: با مەزڵووم عەبدی ناوی راستەقینەی خۆی ئاشکرا بکات
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پەدەکەسە دەشڵێت: "وەک چۆن بەڕێز محەممەد جۆلانی ناوی راستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد کە ئەحمەد شەرعە، دەبێ بەڕێز جەنەراڵ مەزڵووم کۆبانێش ناوی خۆی و باوکی و ناسنامەکەی ئاشکرا بکات کە چین، زانیاری لەسەر باوکی بدات کە ساڵی 1973 لە پەرلەمانی سووریا بووە."
"دەبێ بڵێت، 'ئێمە بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی کوردین و کێشەی کورد چارەسەر دەکەین، پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە دەپچڕێنین و ئێمە کوردین، کوردی سووریاین و سوورییانە بیر دەکەینەوە، ئەوکاتیش شاندیکی هاوبەش بچێتە شام بۆ دانوستاندن'."
"چارەنووسی بێسەروشوێنەکان لای هەسەدە دیاریبکرێن، بەڵام نەبێتە مەرج"
هۆرۆ عوسمان، باسی ئەو هاونیشتمانییانە دەکات کە بە گوتەی خۆیان لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و پەیەدەوە بێسەروشوێن کراون و دەڵێت: "لە ساڵی 2013ـەوە چەندین هەڤاڵی ئێمە لە زیندانەکانی هەسەدە دا هەن، لەوانە ئەحمەد سەیدۆ عوسمان، کە ساڵی 2013 لە شێخ مەقسوود دەستگیرکرا، ئیدریس ئیسماعیل عەلی، ساڵی 2014 دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە. هەروەها بەهزاد دۆرسۆن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەدەکەسە و هاوڕێکانی و دەیان رۆژنامەنووس و چالاکڤان کە دەستگیریان کردوون و چارەنووسیان دیارنییە. بە گشتی 20-30 کەس دەبن."
شێخ مورشید خەزنەوی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی دێرک داوا لە بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دەکات رێگە بە رووداو بدەن لەوێ کار بکات
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 24, 2024
دەڵێت: پێویستە رووداو بێتە رۆژئاوا و بەخێربێت pic.twitter.com/ePVvjPzNfl
ئەو ئەندامەی پەدەکەسە دەشڵێت: "با چارەنووسی ئەمانە نەبێتە پێشمەرج بۆ ئەوەی رێکنەکەون، بەڵام با ببێتە بەشێک لە دانوستاندن و چارەنووسیان دیاری بکەن. لە هەمووشیان گرنگتر بڕینی پەیوەندییە لەگەڵ پەکەکە."
لە سووریا، چەند نەتەوە و پێکهاتەیەکی جیاواز هەن، یەکێک لەو پێکهاتانە درووزەکانن کە لە سنووری سوەیدا و گۆلانن. ئێستا ئەوان نوێنەری خۆیان لە شام دیاریکردووە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە دەڵێ: "وەکو چۆن درووزەکان لێڤەگەڕی خۆیان ناردە شام، کوردیش شاندێکی هاوبەشی هەبێت و داوای مافەکانی کورد بکات."
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی
رۆژی سێشەممەی رابردوو، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی تل بەیدەر لە گوندەواری باکووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد- ئەنەکەسە راگەیێندراوێکی بەناوی راگەیێندراوی هاوبەشی نێوان ئەنەکەسە و فەرماندەی هەسەدە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دیدارێک لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵووم عەبدی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی سووریای نوێدا."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنەکەسە، لایەنەکان رێککەوتن لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیدارەکان بە خێرایی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد- ئەنەکەسە، بە نێوبژیوانی شاندێکی ئەمریکی - فەرەنسی بوو.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هەسەدە راگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنەکەسە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنسا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە پرسی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا."
شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دەدەن و پێشتر بە جیا لەگەڵ ئەنەکەسە، پەیەنەکە و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە. ئەمڕۆش هەردوو لایەنەکەی رۆژئاوای کوردستان (ئەنەکەسە و پەیەنەکە)یان کۆکردنەوە.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رۆژی یەکشەممە بە رووداوی راگەیاندبوو، لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ پارتەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کورد (پەیەنەکە) و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبنەوە.
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەکو ئەنەکەسە ئامادەن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی بە شاندێکی هاوبەش بچنە شام و بەرگری لە مافی کورد بکەن.
گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتیشی: "مەسەلە هەر ئەوە نییە کە بە شاندێکی هاوبەش بچینە شام و تەواو، بەڵکو هەندێک شت هەن کە پێویستە لەگەڵ پەیەدە لەسەری رێکبکەون.
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ