رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی ناحیەی قەسرۆک لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە ساڵانێک بوو خەریکی مارگرتن و بەخێوکردنیان بوو و ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک رۆژی (پێنجشەممە، 26-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو هاونیشتمانییە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە.
ئەو هاونیشتمانییە ناوی عەبدولستار ئەمین بوو، زیاتر لە 40 ساڵ بوو سەرقاڵی مارگرتن بوو.
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک گوتی: "هەینی رابردوو نەشتەرگەری دڵ بۆ عەبدولستار ئەمین کرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە".
سەرەتای مانگی نیسانی 2022، عەبدولستار ئەمین خۆی و مارەکانی میوانی بەرنامەی "پاشیڤ"ـی تایبەت بە رەمەزانی ئەو ساڵەی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی: "لە ساڵی 1984ـەوە تەمەنم نزیکەی 18 ساڵ بوو دەستم بە مارگرتن کردووە".
عەبدولستار ئەمین باسی لەوە کرد، ئەو مار بە دوژمنی مرۆڤ نازانێت و "لە ماڵەوەدا 60 مار بەخێو دەکەم و ئازارم نادەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ