رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی بەغدا، سکاڵایەکی لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک رەتکردەوە، کە لە لەلایەن ئەندامێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار کرابوو.
سکاڵاکە لەلایەن سەلوا مەفرەجى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى عروبە تۆمارکراوە. سکاڵاکار داوای کردبوو، مەرسومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونى رێبوار تەها، بۆ بوونى بە پارێزگار هەڵبوەشێندرێتەوە.
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:"کێشەى سکاڵاکە ئەوە بوو، کە لە دژى مەرسوومەکە تۆماری کردووە، لە کاتێکدا مەرسوومەکە کێشەى یاسایی نەبووە، چونکە پشتى بە بڕیارى ئەنجوومەنى پارێزگا بەستووە."
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا پشتی بە کۆبوونەوەکەى 10ـی ئابی 2024ـی ئەنجوومەنەکە لە بەغدا بەستبوو، کە تێیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای تێدا هەڵبژێردران، گوایە ئەو کۆبوونەوەیە نایاسایی بووە، بەڵام دادگەى کارگێڕى سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە بەهۆى ئەوەى سکاڵاکار بەڵگەى یاسایی پێشکێش نەکردووە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بارەی سکاڵاکە رایگەیاندووە: "دادگەی کارگێری دەڵێت، سکاڵاکار خاوەن ماف نییە و رەگەزی رکابەرێتی (خسومەی) نییە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی پێ نییە، بۆیە دادگا داواکەی رەتکردەوە. هەمان دادگە پێشووتر زوڵمنامەیەکی راکان جبوری هەڵوەشاندەوە، چونکە ناوبراو خۆی کشاندبوویەوە."
هەمان دادگە، رۆژی سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024 لەکۆى ئەو پێنج سکاڵایەى لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکێشی دادگەى کارگێڕى کرا بوون، چواریانی بۆ مانگى داهاتوو دواخست و سکاڵایەکیش کە لەلایەن فراکسیۆنی پارتی پێشکێش کرابوو، رەتکردەوە.
رۆژی 10ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
پێنج، سکاڵا لە دژى ئەو کۆبوونەوەیە پێشکێش کرابوون، سێ سکاڵا لەلایەن ئەندامانى هاوپەیمانیى عەرەبی، سکاڵایەکی فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى و سکاڵایەکی پارتى دیموکراتى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ